هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری رەگەزنامەی سلێمانی راگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە بنکەی تۆمارکردنی ناوەندی دەکرێتەوە و ئەو کەسانەی کە خەڵکی پارێزگایەکن و ئیش و کارەکانیان لە پارێزگای سلێمانییە، دەتوانن مامەڵەکانیان لە رێگای ئەو فەرمانگەیەوە ئەنجامبدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی 12ی 2024، عەمید سیامەند حەمەحسێن بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، هەرکەسێک هاتبێتە فەرمانگەکەمان هەموو کارئاسانییەکمان بۆ کردوون، بە تایبەت لەدوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی کە داوایکردووە سەرجەم مووچەخۆرانیان کارتی نیشتمانیی دەربهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری هەولێر و دهۆک، بنکەی تۆمارکردنی ناوەندی کراوەتەوە کە تایبەتە بەو کەسانەی کە لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکانن یان خۆیان دانیشتووی پارێزگایەکن و دەوامەکەی لە پارێزگایەکی دیکەیە دەتوانن لەرێگای ئەو بنکەیەوە مامەڵەکانیان راییبکەن، لە هەفتەی داهاتووشەوە هەمان بنکە لە سلێمانیش دەکرێتەوە.
داوایشیکرد، ئەو هاوڵاتییانەی کە پێویستییەکی زۆریان بە کارتی نیشتمانیی نییە لە ئێستادا مامەڵەکانیان دوابخەن تا ئەو کاتەی مامەڵەی کارمەندان و ئەفسەرانی هێزە ئەمنییەکان تەواودەبن.