دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەفر و بارانبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

هەرێم نیوز
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلێکی دیكەی بەفر و بارانبارین و هەورە بروسکەی لاواز بۆ مامناوەند رو لەناوچەکانی باشوری هەرێمی کوردستان دەکات.

 هەڤاڵ سدیق، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لەرۆژی هەینییەوە (2024/12/20) و بەهۆی کاریگەری نزمەپەستانی ناوچەکانی دەریای سور و هاتنی بڕێکی شێی پێویست لەناوچەکانی رۆژئاوای عێراق، شەپۆلێکی دیكەی بەفر و بارانبارین و هەورە بروسکەی لاواز بۆ مامناوەند رو لەناوچەکانی باشوری هەرێمی کوردستان دەکات.

باسی لەوەشکرد، سەرەتای بارانبارینەکە لەڕۆژی هەینی و لە نیوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ پێش عەسر لەناوچەکانی باشوری  پارێزگای کەرکوک و گەرمیانەوە دەستپێدەکات، هەروەها لەکاتی ئێوارەدا بۆ درەنگانی شەو کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، شەپۆلە کاریگەری لەسەر پارێزگای کەركوک و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی  راپەڕین دەبێت و زۆرترین بڕی بارانی پێشبینی كراویش لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری دەبارێت، پاشان  پارێزگای کەرکوک و هەڵەبجە و گەرمیان .

دووپاتی کردەوە، کاریگەری شەپۆلە لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و باکوری هەولێر لاوازە، ئەگەری نمەباران هەیە، بەڵام لە هەندێ کات و شوێن دیكەدا ئەگەری بارانی مامناوەند هەیە.جەختی لەوەشکردەوە، لەناوچەكانی حاجی ئۆمەران،  کێلەشین، ماوەت، چوارتا، قەزای پێنجوێن مەرزی کێلێ ئەگەری بەفربارین هەیە لەهەندێ ناوچە بەفربەتێکەڵی لەگەڵ باران دەبارێت و خێرایی با لە باکوری خۆرهەڵات لە نێوان (20 بۆ 25) کیلۆمەترە لەکاتژمیرێکدا دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما دو بۆ سێ پلە پلەدابەزین بەخۆیانەوە دەبینن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP