هەرێم نیوز
هێمن میرانی ڕایگەیاند، ئەگەر کارتی نیشتمانیتان نییە بەزوترین کات دەری بکەن، چونکە کاریگەری لەسەر مووچەکانتان دەبێت.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ لە نووسراێکدا، کە بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە داوا دەکات، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندەکانیان ئاگادار بکەنەوە، ئەگەر کارتی نیشتمانییان نییە بەزوترین کات دەری بکەن، چونکە کاریگەری لەسەر مووچەکانیان دەبێت.
دووپاتی کردەوە، هەر کەسێک بە هەر هۆکارێک دەستی ناگاتە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی بەتایبەت فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانی ماددەی 140 ئەوا دەتوانن سەردانی بەشی تۆمار بکەن لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و کارتی نیشتمانی هەولێر یاخود دهۆک بۆ ئەوەی بە خێرایی کارەکانیان بۆ ڕایی بکرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەمە بەشێکە لەو داواکاری و پێداوییستییانەی حکومەتی فیدڕاڵی داوای کردوە و کاریگەری لەسەر مووچەی هەر کەسێک دەبێت، کە کارتی نیشتمانی نەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە لیژنەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی كوردستانە و بڕیاریان داوە لە ئامادەكردنی لیستی مووچەدا خانەكانی كارتی نیشتمانی و بەرواری دامەزراندن تۆمار بكرێت.