دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16/12/2024

رۆژئاوای كوردستان نەخشە رێگای سوریای نوێ رادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێشخەریی دیالۆگی سوریای بۆ بنیاتنانی سوریای نوێ ڕاگەیاند، هەروەها 10 هەنگاوی دەستنیشانکرد، کە بۆ گەلی سوریا زۆر گرنگن و پێیوابو هاوکاری نێوان ئیدارەی خۆسەر و ئیدارەی سیاسی لە دیمەشق دەبێت لە بەرژەوەندی هەمو سورییەکان بێت.

ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی، ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری رەقە  دەستپێشخەرییەکی بۆ بنیاتنانی "سوریای نوێ" ڕاگەیاند و دەڵێت، "لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی ستەمکاری بەعس، سوریا چوە قۆناغێکی نوێوە، بۆ ئەوەی لەم قۆناغە ئینتقالییە بە سەرکەوتویی دەربچین، پێویستە کۆببینەوە و کار لەسەر کێشانی نەخشەڕێگای هاوبەش بکەین.

ئەمەی خوارەوە ئەو 10 خاڵەیە کە خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان داوایان دەکات:

1-پارێزگاریكردن لە یەكێتی خاكی سوریاو پاراستنی لە هێرشی توركیاو بەكرێگیراوەكانی.
2-راگرتنی پرۆسە سەربازییەكان لەتەواوی خاكی سوریاو دەستكردن بە دیالۆگی نیشتمانی فراوان.
3-گرتنەبەری هەڵوێستی لێبوردەیی و دوركەوتنەوە لە گوتارە رق و كینەو پارێزگاریكردن لە رەنگاورەنگی گەلی سوریا، لەسەر بنەمای دیموكراسیەكی دادپەروەرانە.
4-ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی بەپەلە بە بەشداری هێزە سیاسیەكان بۆ یەكخستنی دیدەكان لەبارەی قۆناغی داهاتوو.
5-بەشداری چالاكی ژنان لە پرۆسەی سیاسی.
6-دابەشكردنی سامانی وڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، بەوپێیەی موڵكی تەواوی گەلی سوریایە.
7-زامنكردنی گەڕانەوەی خەڵكی رەسەن و كۆچپێكراوان بە زۆرەملێ‌ بۆ ناوچەكانیان و، پارێزگاریكردن لە میراتی كلتوری و كۆتایهێنان بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی.
8-جەختكردنەوە لە بەردەوامی روبەڕوبونەوەی داعش بۆ زامنكردنی نەگەڕانەوەی، بەهاوكاری لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
9-كۆتایهێنان بە دۆخی داگیركاری و وازهێنان لەگەلی سوریا بۆ بڕیاردانی لەئایندەی خۆی و، جێبەجێكردنی بنەمای هاوسێیەتی باش.
10-پێشوازی لەڕۆڵی بونیادنەرانەی وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرجەم هێزە نێودەوڵەتیە كاریگەرەكان دەكەین لەكاروباری سوریا، هانیان دەدەین رۆڵێكی ئەرێنی چالاك بگێڕن لە نزیكردنەوەی دیدو بۆچونەكان، بۆ زامنكردنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و راگرتنی دەستوەردانە دەرەكیەكان لە سوریا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP