هێمن عەبدولقادر
لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئەسپێک بەناوی (هانس-hans)ی زیرەک ،ناوبانگی زۆری پەیداکرد ، شار بەشار و گوند بە گوند دەیانگێڕا ، هانس بەجۆرێک زیرەک بوو لە زمانی ئەڵمانی و تەنانەت لێکدان و دەرکردنی ژمارەکانیش وەڵامی هەبوو ، کاتێک پرسیار لە هانس دەکرا ، کاتژمێر چەندە ؟ ئەو بە دروستی بەقەد ئەو کاتە ، قاچی دەکێشا بە زەویدا ، ئەگەر پرسیاری لێبکرایە (٤+٤=؟) هانس هەشت جاران سمی خۆی لە زەوی دەدا ، لەساڵی (١٩٠٤) بەرپرسانی پەروەردەی ئەڵمانیا، لیژنەیەکی زانستی تایبەت بە (دیاردەی هانسی زیرەک) پێکهێنا ، کەچەندین پسپۆڕی تێدابوو لەوانە (پزیشکی ڤێتەنەری ، راهێنەری سێرک ، پەروەردەکار ، دەرونزان ... هتد) بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی وەڵامێکی دروست سەبارەت بەو ئەسپە بخەنە ڕوو ، تەنانەت ئەو کاتەی خاوەنەکەشی دور دەخرایەوە ، هانس زۆر بە دروستی وەڵامەکانی دەدایەوە.
هەتا لەساڵی (١٩٠٧) دەروونناسێک بەناوی (ئۆسکار فۆنگۆست) لەرێگەی توێژینەوەیەکە توانی سەر لەم نهێنییە دەربکات ،ئەو ڕایگەیاند کە ئەسپەکە ، لەرێگەی خوێندنەوەی هێما ئاماژەییەکانی روخساری ئامادە بووانەوە دەتوانێت بگات بەو ئەنجامە ، بۆ نموونە کاتێک لە ئەسپەکەیان دەپرسی ( ٦*٢=؟) هانس دوانزدە جاران قاچی دەدا لەزەوی ، لە ژمارە یەکەوە دەستی پێدەکرد و بەوردی سەرنجی ئاماژە فیزیکیەکانی خەڵکەکەی دەدا ، هەرچەندە ژمارەی قاچ کوتانی هانس زیاتر لە وەڵامە دروستەکە نزیک ببوایەتەوە ، خەڵکەکە زیاتر دەوروژان و خۆشی و دەنگە دەنگ و پێکەنین بە ڕوخساریانەوە دیاربوو ، ئەو کاتە هانس بە زیرەکی خۆی و تێگەیشتن لە ئاماژە ڕوخسارییەکانی ئامادەبووان دەیزانی کە ئەمە وەڵامەکەیە و دەوەستا.
١- چیرۆکەکان هەموو جارێک بە زمان ناگێڕدرێنەوە ، ڕۆمان و شانامە و ڕستەکان دەرەقەتی هەموو ئەو ئازار و شادیانە نایەن کە لە روخساری مرۆڤەکاندا هەیە ، دەستی زبر و قڵیشاوی کرێکارێک ، نان چیرۆکەکەی ئەگڕێرێتەوە ، برسێتی سەر سفرە دەیکاتە وێنە ، خەجاڵەتی منداڵەکانی لە سوچێکدا ئەینیشێنێت.
ناتوانیت بە کەسێک بڵێیت لەم گەشتەدا چیم چەشتووە ، چیم بینی ؟ دەبێت تاڵی سپی قسە بکات ، دەبێت گۆنای ڕەشهەڵگەڕاوی ژنێک بێتە گۆ بەهۆی فرمێسکەوە ،دەبێت لەرزینی دەست و تەپاوتلی شەوانی سەرجێگا بخوێنینەوە ، بۆ ئەوەی لە بارودۆخی نیشتیمانێک تێبگەین ، دەبێت سواڵکەر و دەستگێڕ و هەژارەکانی قسە بکەن ، نەک تێر و پۆشتە و قات و بۆینباخ لەبەرەکان.
زمانی تێگەیشتن و مامەڵە کردنمان لەم گەردوونەدا لەگەڵ یەکتری تەنها (قسە کردن) نییە، زۆرێک هەیە فرتوفێڵی زمانەوانی دەزانن ، ڕستەکان وەک مرواری پێکەوە گرێ دەدەن ، لێ هەست بەکەس ناکەن. هەست کردن بریتییە لە بینینی ئەو ئازار و شادیانەی کە مرۆڤ دەگاتە قۆناغی (هانسی ئەسپ) هانسی ئەسپ چەمکێکە بۆ ئەو ئازار و شادیانەی کە زۆرینە درکی ناکەن.
ژن و مێردەکان لەگەڵ یەکتری ، سیاسی و هاونیشتیمانییەکان لەگەڵ یەکتری ، ئاژەڵ و مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری.
٢-بۆ تێگەیشتن لە ئازار و شادی یەکتری دەبێت زیاد لە زمانێک بزانین ، ئەمڕۆ خۆمان ، منداڵەکانمان ، هەموومان زمانی زۆر دەزانین ،لە داهاتوودا (ئەپی سەر مۆبایل) و
(چیپ-chip)ێکی بچووکی خانە چێنراوەکانی مێشک ، ئەشێت کێشەی زمانزانین و هاوکێشە ماتماتیکیەکان و نۆتەکانی مۆسیقا و چارە بکات ، بەڵام تەنها زمانێک کە نایزانین ، زمانی مالە ، زمانی درککردنە بە ئازار و شادییەکانی یەکتری.
منداڵێکی پێنج ساڵان لە ئەسپێکی وەک هانس ، زیرەکترن ، بەڵام شانشینی مرۆڤەکان ، زیاتر پەرەیان بە قسەکردن داوە ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەواڵ و کۆڕ و سیمینار و پانێڵ و لایڤ و بەلاغ و قسەکردنی بەردەوام و کۆبوونەوە ، ئەو دەرفەتەی لە مرۆڤ سەندۆتەوە ، کە درک بەیەکتری و ئەوانی تریش بکەن.
ئاژەڵەکان لە ڕێگەی ئاماژەوە دێنە (ژێربار) بەڵام مرۆڤەکان لەڕێگەی چەلەحانێ و سەلماندنی زمان ، بۆیە هەم ستەم لەخۆیان دەکەن ، کەفێری هونەرێکی تر نەبوون هەم ستەم لە دروستکراوەکانی تری ناوسروشت.
٣-سووتانی مۆم ، ئەبێت لە سروەی بەیان ببپرسیت کە چۆن بە ئاسانی ئەیکوژێنێتەوە ، کلێنس فرۆشێکی ترافیکەکان ، کرێکارێکی دانیشتوو بەدیار ئێڵتییەکەوە کە سەعات گەیشتۆتە یانزە و کەس نەیبردووە بۆکار ، فەرمانبەرێک کە دوومانگە مووجەی وەر نەگرتووە ، ژن و مێردێک کە درک بە ئازاری یەک ناکەن ، مامۆستایەک بۆ قوتابیەکانی ، مرۆڤێک بۆ ئاژەڵ و درەختەکانی ، دەبێت لە ئازارەکانی ڕۆژانەی بپرسیت ، نەک لە رەسم و ستایش و سوپاس و پیاهەڵدانەکانی.
٤-حافز گوتەنی :-
(ماهی و مورغ ، دوش نخفت از فغان من
وان شوخ دیدە بین کەسر از خواب برنکرد)
ماسی و باڵندە لە هاواری و ناڵەی ئێمە ناخەوێت چونکە درکییان بوو ، بڕوانە ئەو شۆخە ، ئەو بێ دەردە ، ئەو ئازار نەناسە ، ئەو روخسار نەبینانە کە درکیان نییە چەند بەجوانی دەخەون و گوێ بەهیچ نادەن.
نوقتە سەری دێڕ .....
کورد دەڵێت (قسەی شەو ، وەکو خەو ، کەمتر دێتە دی) ئازار و شادیەکانمان کەمتر دێنە دەربڕین دەبێت درکی بکەین ، وەک ئەسپێک ، وەک چاوی برسی سەگێک ، وەک هەناسەی ڕەشەوەبووی مرۆڤگەلێک کە دەرنابردرێت، جگەلەوەی لێی وردبینەوە.