هەرێم نیوز
ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سودانی كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە دەكات كە تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا: ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەران میوانداری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکات لەسەر داوای خۆی، بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت و ئەو ڕێوشوێنانەی دەیگرێتەبەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و پێشهاتە بەردەوامەکانی ناوچەکە، لە دوای ڕووداوەکانی(7)ی تشرینی یەکەمی (2023)ەوە.
هاوكات باس له ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت و ئەولەویەتەکانی و ئەوەی بەدەست هاتووە دەکرێت، لەگەڵ پڕۆژە یاسا گرنگ و پێویستەکان بۆ تەواوکردنی ئامانجەکانی پلانەکانی گەشەپێدان.
هەر بەپێی كارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران، جیا لە بانگهێشتكردنی سودانی، خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت، لەوانەش خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە و دەنگیش لەسەر پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دەدات و هەروەها هەمواری یەكەمی پێشنیازەیاسای رەگەزنامەش دەنگی لەسەر دەدرێت، خوێندنەوە و گفتوگۆش لەسەر پڕۆژەیاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت.