هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەنگۆی چوونی چەکدارانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سووریا ڕەتدەکاتەوە.
میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی دەنگۆی چوونی چەکدارانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سووریا دایەوە و ڕایگەیاند، ئەم زانیارییانە تەنیا قسەی پەخشانیین (دوورن لە ڕاستی) و هیچ جووڵەیەک لەسەر سنووری سووریا بەدی نەکراوە.
ئاشکراشیکرد، ئێستا سنوورەکانی عێراق لەوپەڕی بەهێزیدایە، لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق سنوورەکانمان بەهێزی وای بەخۆوە نەبینیوە. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو لە هەموو سنوورەکانەوە هەوڵی ناوازەی داوە، بە دیاریکراویش سنووری سووریا.
ڕوونیشیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک بەزاندنی سنوور لە عێراقەوە بۆ سووریا ڕوونادات، لەبەرئەوەی بەگوێرەی ئەو ڕێوشێنانەی گیراونەتەبەر و بوونی کەرتە سەربازییەکان لەسەر سنوورەکان و ئەو پێداویستییە لۆجیستیانەی لەبەر دەستیانە، بەردەوامن لە پاراستنی سنوور.