هەرێم نیوز
لە پاى ئەو گۆڕانکارییەکانى هاتوونەتە پێشەوە لە سوریا، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین پریشکى ئاگرەکەى بەربکەوێت، سەرەڕاى ئەوەى سنوورەکانى لەگەڵ ئەو وڵاتەدا توندکردوەتەوە و لە سەرزاری وەزیری بەرگرییەکەیەوە سابت محەمەد عەباسی، بەچەندین شێوە تۆکمەکراوە و جگە لە پاسەوانی سنوور هێزی دیکەشیان بردوەتە سنوورەکە و پێداگریی دەکەن لە بڕین و رێگریی کردن لە هەموو جموجوڵێک، بەڵام دوو سەرچاوە لەنێو سوپاى سوریاوە بە عەرەبیەیان گوتووە شەوى رابوردوو ژمارەیەکى زۆر چەکدار لە میلشیا عێراقییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانى دەکرێن، سنووری وڵاتەکەیان بڕیوەو چونەتە هاوکاریی هێزەکانى سوریا بەسەرۆکایەتى بەشار ئەسەد. سەرچاوەیەکى پلە باڵاى سوپاى سوریاش دانى بەوەدا ناوە کە ژمارەیەک لە چەکدارەکانى حەشدی شەعبیش چوون بە هاناى سوپاى سوریاوە، لە رێگەیەکى تایبەتى سەربازییەوە لە نزیک ئەلبوکەمالەوە پەڕیونەتەوە، راشیگەیاندوو بەشێک لەو چەکدارە عێراقییانەى هاتوون سەر بە گروپەکانى -حیزبوڵاى عێراقى و لیواى فاتمیون-ن.
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ عەرەبییە گوتویەتى زیاتر لە 200 چەکداری حەشدى شەعبی سنورەکانى عێراقیان بڕێوە و رویان لە دەشتەکانى سوریا کردووە. بەڵام میقداد میریی گوتەبێژی وەزارەتى ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رەتى ئەو قسانەى داوەتەوە و رایگەیاندوو ئەو قسانە هیچ نین و داڕشتنێکە و هیچى تر و هیچ هاتوچۆیەک لەو سنورانەوە نەکراوەو کامێراکان هیچیان تۆمار نەکردووە. و پەڕینەوە شتێکى ئەستەمە لەبەر ئەوەى ئەوەندەمان سەرباز و پاسەوان بڵاوەپێکردوو هیچ بوارێک نەماتەوەتە، دوو فیرقەى پاسەوانى سنور و ژمارەیەکى زۆر سەرباز و تەنانەت خودی حەشدى شەعبیش چاودێریی سنوورەکە دەکەن.
فالح فەیازیش سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبردنى جەشدى شەعبیش لە میانى بەیاننامەیەکدا رەتى کردەوە ئەندامەکانیان چوبنە سوریا و جەختى کردەوە کارى حەشدى شەعبی لە ناوخۆی عێراقدایە نەک لە دەرەوەى سنوورەکان و فەرمانى راستەوخۆش لە محەمەد شیاع سودانى وەردەگرن، راشیگەیاندووە ئەو جۆرە قسانە زیان لە ئاسایشى نیشتمانى عێراق دەدەن.