عەبدولقادر جەنابی
شوان ئەحمەد كردوویەتی بە كوردی
لە بەیاننامەیەكدا كە واژۆی هەریەك لە (دیدرۆ و دالمپێر) ی لەسەرە، هاتووە كە (ئەوانەشی زۆر تۆلێرانس و سنگ فراوانن، بە ڕەوای هەقی دەزانن یاسا سزای توندی ئەوانە بدات زاتی ئەوە دەكەن بێباوەڕی بڵاو بكەنەوە.. تەنانەت لەسێدارەدانیشیان بە مافێكی ڕەوا دەزانێت گەر نەتوانرا بە رێگەیەكی دیكە، كۆمەڵگە لەو جۆرە كەسانە پاك بكرێتەوە..گەر یاسا و دادپەروەری بتوانێت سزای كەسێك بدات كە خراپەكەی بەرامبەر كەسێكی دیكە كردبێت، ئەوا بێگومان مافی ئەوەشی دەبێت، سزای ئەوانە بدات خراپەكاری دەرهەق بە تەواوی كۆمەڵگە دەكەن).
ئەمە دەریدەخات بارودۆخی سەدەی هەژدەهەم، سەدەیەك كە لافی ڕۆشنگەری و لیبرالیزمی لێدەدا، چەند بارگاوی بووە بە دەمارگیریی توند و سنورداركردنی ئازادیی بیروڕا. تەنانەت لەلایەن ئەو فەیلەسووفانەشەوە كە خۆشییان بە چارەی ئایین نەهاتووە.
ماركیز دی ساد، ئەو كارەكتەرەی نموونەی بێئاڕۆییەكی پڕاوپڕ و بێباوەڕییەكی حاشاهەڵنەگرە، كوڕی ئەو سەدەیەیە (سەدەی ڕۆشنگەری)و بۆ ماوەی دوو سەدە، نووسینەكانی سانسۆریان لەسەر بووه. دەبوو چاوەڕوانی دەركەوتنی سوریالیزم بێت، تا ئەو سانسۆر و كۆت و بەندانەی لەسەر هەڵبگیرێت.
ئەو بەرهەمانە (ئەندرێ بریتۆن و گیوم ئەبولینێر)، تووشی واقوڕمان دەكەن و ساد بە ئازادترین ئەقڵ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ناونووس دەكەن.
بەڵام ئەو ڕۆحە ئازادە زۆربەی زۆری تەمەنی، لە ناو زینداندا بەسەر دەبات و یەكەم جار لە ساڵی 1763 زیندانی دەكرێت. دوای ئەوە بۆ ماوەی بیست و حەوت ساڵ و لە ماوەی جیاجیادا، ژیان له ژوورە ئەنگوستەچاوەكانی زینداندا بەسەر دەبات..
لەسایەی سێ سیستەمی حوكمڕانیدا یانزە گرتووخانە دەبینێت، تا ئەوكاتەی لە ساڵی 1814 لە یەكێك لەشێتخانەكانی وڵاتەكەیدا كۆچی دوایی دەكات.
زیندان جیهانی ماركیز دی ساد بوو. ئەو دەیویست لەوێدا بمێنێتەوە، نەك لە بەرامبەر ئازادكردنیدا سازش بكات و دەستبەرداری ئایدیا و بیروبۆچوونەكانی خۆی ببێت. ئەندرێ بریتۆن پێیوایە دوای بەهرەمەندیی خۆی، ژوورە داخراوەكانی زیندان هاندەری سەرەكی بوون، تا خەیاڵ و ئەندێشەی فراوانتر بكەن.
ئەدۆناسیا ئەلفۆنسۆ فرانسوا كە ناسراوە بە ماركیز دی ساد، ڕۆژی هەشتی حوزەیرانی ساڵی1740 لە میوانخانەی (كوندی)، لە پاریس چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. كاتێك دەبێتە چوار ساڵان خانەوادەكەی ڕەوانەی (برۆڤانس)ی دهکهن، بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێریی مامەكانیدا بێت، بە تایبەت قەشە (دی ساد) ی مامی.
ساڵی 1750 دەگەڕێتەوە پاریس، بۆ ئەوەی لە كۆلێژی (لویس لگراند) درێژە بە خوێندن بدات. ساڵی 1754 لە قوتابخانەی (شیڤۆ لیگێر) وەردەگیرێت. شایانی باسە ئەو خوێندنگەیە تەنها منداڵی خانەوادە زۆر خانەدان و خواپێداوەكانی قبوڵ دەكرد.
ساڵی 1755 دەبێتە ئەفسەر لە فەوجی پیادەی پادشادا. لە نێوان ساڵانی 1757 بۆ 1763 لە هەڵمەت و پەلاماردانی شەڕی حەوت ساڵەدا بەشداری دەكات و چەندین جار پلەكەی بەرز دەكرێتەوە. لە حەڤدەی ئایاری ساڵی 1763 لەگەڵ (ڕینێیە بیلگی دی منتری)، هاوسەرگیری دەكات و خێزان پێكدێنن.
هەر لەو ساڵەدا و چەند مانگێك دوای هاوسەرگیریەكەی لە ماڵێكی خنجیلانەی نزیك شاری پاریسدا، یەكەم كاری نابەجێ و ئابڕوبەرانەی خۆی ئەنجام دەدات و بەو هۆیەشەوە لەگرتووخانەی (ڤانسان)، چەند هەفتەیەك زیندانی دەكرێت.
پاشان ڕەوانەی نۆرماندی دەكرێت و لەوێ دەستبەسەر دەبێت. ساڵی 1764 وەك نوێنەری هەرێمی برێست شوینی باوكی دەگرێتەوە و بە بۆنەیەشەوە لە پەرلەمانی شاری (دیگۆن)، وتارێك پێشكەش دەكات.
لەو ماوەیەدا كاتەكانی خۆی لەگەڵ خانمە ئەكتەرەكاندا بەسەر دەبات، بەڵام هەر لەو قۆناغهدا دوچاری كێشەیەك دەبێت و سكانداڵێكی دیكەی لە دەست دەقەومێت. لە یەكێك لە رۆژەكانی جەژنی سوپاسگوزاری ساڵی 1768 ، لەگەڵ كچێكی گەنجدا بەناوی (ڕۆس كیلەر) كاری نابەجێ ئەنجام دەدات و لێشی دەدات.
لە بەرامبەردا ئەو خانمە شكاتی لێدەكات، بەڵام بەهۆی فشاری زۆری خێزانیەوە داواكەی دەكێشێتەوە. سهرهڕای ئهوه دادگا غەرامەی سەد جونیەی دەكات و بۆ ماوەیەکیش، لە قەڵاكەی لە(لاكۆست) دەستبەسەر دەبێت.
ساڵی 1769 لاكۆست جێدێڵێت و ڕوو دەكاتە وڵاتی هۆڵەندا، لەوی دەست بە نووسینی كتێبەكەی دەكات (سەفەرێك بە ناو هۆڵەندا)دا و بە شێوەی نامە نووسین دەبێت. لە ئابی 1771 بەهۆی قەرزاری زۆرەوە زیندانی دەكرێتەوە.
هەر لە بیست و حەوتی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا، سكانداڵێكی دیكە ئەنجام دەدات و پۆلیس دەدات بە سەر ماڵەكەیداو دەست بە گەڕان و پشكنین دەكەن. ناچار لەگەڵ (لاتور)ی خزمەتكاری و براژنەكەیدا، بەرەو ئیتالیا هەڵدێن.
لە سێی ئەیلولی هەمان ساڵدا، لە غیابی خۆیدا دادگا بڕیاری لە سێدارەدان بۆ خۆی و بۆ خزمەتكارەكەی دەردەكات. دوای چەند رۆژێك و بە شێوەیەكی سیمبۆلیك لە (ئەكس پرۆڤانس)، بڕیاری لە سێدارەدانەكەی جێبەجێ دەكرێت.
لە هەشتی كانونی یەكەمدا و لە (فۆرد و میولان) دی ساد دەسگیر دەكرێت، بەڵام دیسان هەڵدێت. لە ساڵی 1773 ژێربەژێر و بە نهێنی، خەریكی كاری بێئابڕوویی دەبێت و هەر لەو ساڵەشدا دەست بە نووسینی كتێبی (سەفەرێك بە ناو ئیتالیا)دا دەكات و باس لە تێزگەلێكی كۆنی مێژوویی و سیاسی و فەلسەفی، شاری فلۆرنسا و ڕۆما و ناپۆلی دەكات.
ساڵی 1777 بە مەبەستی بینینی دایكی (كە لە سەرمەرگدا دەبێت) دەگەڕێتەوە، بەڵام دەستبەجێ دەیگرن و لە (ڤانسان) زیندانی دەكرێت. ساڵی 1778 هەڵدێت، بەڵام تەنها نەوەد و سێ رۆژ وا دەمێنێتەوە، و دوای ئەوە جارێكی تر دەسگیر دەكرێتەوە و ئەمجارەیان ماوەی دوانزە ساڵ لە زینداندا، بەسەر دەبات.
لە چوارچێوەی ئەو زیندانەیدا دەست بە نووسینە سەر كیشەكێشەكانی دەكات و گرنگترین بەرهەمەكانی خۆی، لەو قۆناغەدا دەنووسێت. لەوانە: (سەد و بیست رۆژ لە سادوم)، (دەمەتەقێی نێوان قەشەیەك و كەسێك كە لەسەرەمەرگدایە).
سەروەختێك لە ساڵی 1784 دەیبەن بۆ زیندانی (باستێل)، بە (سەد و بیست رۆژ لە سادوم)دا دەچێتەوە و پاكنووسی دەكات. دوای ئەوە ڕەشنووسی (ئەلین و فالكۆر) دەست پێدەكات، پاشان لە ماوەی شانزە رۆژدا تێكستی (ژۆستین یاخود نەهامەتیەكانی فەزیلەت)، دەنووسێت. دوای ئەوە (یۆژین دی ڤارڤال) كە بە (تاوانەكانی ئەڤینداری) ناسراوە، تەواو دەكات.
لە رۆژی چواری تەموزی ساڵی 1789 لە پەنجەرەی زیندانەكەیەوە، ڕێبوارانی ئەو ناوە هاندەدات ڕاپەڕن و یاخی ببن. ئەمەش لێپرسراوانی زیندانەكە ناچار دەكات بیگوازنەوە بۆ بەشی (شارنتۆن). لە چواردەی ئەو مانگەدا زیندانی (باستێل) لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دی ساد لە دووی ئاداری 1790، ئازاد دەكرێت.
لە نۆی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا، هاوسەرەكەی لێی جیادەبێتەوە و تەڵاقی خۆی وەردەگرێت. دوای ئەوە بڕیار دەدات لە ڕیزی گرووپە شۆڕشگێڕەكانی هەرێمی (لۆبیك)دا خەبات بكات. ساڵی 1791 هەردوو تێكستی (پەیامی هاوڵاتییەكی شاری پاریس بۆ پادشاكانی فەرەنسا) و ڕۆمانە سكاندال ئامێزەكەی (ژۆستین یان نەهامەتیەكانی فەزیلەت)، چاپ دەكات.