شوان ئەحمەد
چل و حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە گەرمەی ڕوداوەکانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، میشێل فوکۆ وەک ڕۆژنامەنووسێک چەند هەفتەیەک لە تاران دەمێنێتەوە و ڕوماڵی ڕوداوەکانی ڕۆژ، بۆ غەزەتەی(کۆرێری دیلا سێرا)ی ئیتاڵی دەکات.
لەوێ چاوی بە زۆر کەس دەکەوێت:(خەڵکانی ئاسایی، ئەکادیمیست و چالاکوانان، سیاسەتوان و پیاوانی ئایینی و ... هتد). لە نێو ئەوانەدا ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری بە فوکۆی وتبوو:( ئێمە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئیمامی مەهدین، لێ لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ڕۆژێک بۆ چەسپاندنی حکومەتێکی چاک و دادپەروەر، خەبات دەکەین).
بڕگەی دووەمی قسەکانی ئەو ئاخوندە درۆیەکی شاخداربوون، چون درۆ گەورەکەی فیدڵ کاسترۆی کۆمۆنیست کە لە سەروەختی شۆڕشی کوبادا بە هێربەرت ماتیۆزی پەیامنێری گۆڤاری(نیویۆرک تایمز)ی وتبوو:( من بیر لە دەسەڵات ناکەمەوە و دەمەوێت دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بگەڕێمەوە بۆ ئاواییەکەی خۆم و دووبارە بە پیشەی پارێزەری خۆمەوە خەریکبم).
ئەڵبەت ئەو حکومەتە چاک و دادپەروەرەی شەریعەتمەداری نوقڵانەی بۆ لێدەدا، بە مۆدێلێکی تەواو ستەمکار و تۆتالیتار شکایەوە. مەردومگەلی ئێران بەو شۆڕشە هەر ئەوەندەیانکرد، لە قەفەزی شاهەنشایی هاتنەدەرێ و لە قەفەزی ویلایەتی فەقیهدا خۆیان بینیەوە.
پرسیاری فوکۆ لەو قۆناغە مێژوویەی پێشوودا ئەوەبوو:(ئێرانییەکان چییان دەوێت و خەون بە چییەوە دەبینن؟). وەک ئەوەی تەواوی ئێرانییەکان گشتێکی یەکانگیر و یەک پارچە و یەک ڕەنگ بن. خەڵکانێک بن یەک خواست و یەک خەونی چونیەکیان هەبێت.
لە کاتێکدا سەرزەمینی ئەو وڵاتە فرە ڕەنگ و فرە کولتوور و فرە نەتەوە و فرە ئایینزایە و هەر یەکەشیان خەون و خواست و خولیای جیاواز لە یەکیان هەیە. حیساب نەکردن بۆ ئەم جیاوازیانە لە شۆڕشی پێشوودا، خەونی کوردانی ئەو پارچەیەی کوردستانی لەباربرد. لە کاتێکدا ئەوان قوربانی سەرەکی دەستی ڕژێمی پاشایەتی بوون و لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەدا بوون، سەختترین بەرخوردیان لە دژی زوڵم و ستەمی شا کردبوو.
ئەمێستاو لە گەڵ شەهیدکردنی ژینای ئەمینی دا، ئەم خەونەی کوردان زۆر زیاتر بە زەقی گوزارشتی لە خۆیکردو پریشکی ڕاپەڕین و داواکاریەکانیشیان بە هەموو لایەکی ئێران گەیشت. بۆیە هەق وایە لەم سیاقە تازە و لەم وەرچەرخانە نوێیەدا، ئێرانییەکان وەک ڕابردوو بە چاوی پاشکۆ و کەمینەیەکەوە، لە خەبات و خەون و تێکۆشانی کوردەکان نەڕوانن و ستەمی زیاتر و زۆرتریان لێنەکەن. بە کورتیەکەی لێگەڕێن خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، نەک زۆرینە خۆی بکاتە قسەکەری فەرمی و بڕیار لە چارەنووسی ئەوانی دیکە بدەن.
بۆ خاتری دووبارە نەکردنەوەی هەمان مێژوو، بۆ ئەوەی هەمان مۆدێل لەسەر سەحنەکە نەبینینەوە و بە ناوی شۆڕش و ئازادییەوە، ئازادی و خەون و خواستی ئەوانی دی زیندەبەچاڵ بکرێت، لێگەڕێن کوردەکان و نەتەوە و ئایین و ئاینزاکانی تر، قسەی خۆیان بکەن.
لە دوای ستەمی ئەوەندە ساڵی ولایەتی فەقیهو کۆماری ئیسلامی، هەقە زۆرینە لەو وڵاتەدا ئەو مافە بە کوردە بەشمەینەتەکان ڕەواببینن(چۆن بیردەکەنەوە و خەون بە چییەوە دەبینن).
شەتەکدانەوەی خەون و خۆزگە و ویستی ئەوان(وەک نەتەوەیەکی جیاواز) بە خۆیانەوە، بە واتای دووبارەکردنەوەی هەمان مێژووی تاریک و پڕ ستەمی ئەو جوگرافیایە دێت.
(ئەم وتارە لە سەروبەندی شەهیدبوونی ژینای ئەمینی و شۆڕشی ژن ژیان ئازدی دا نووسراوە).