دواین هەواڵ

عێراق‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای هەڕەشەكانی ئیسرائیل، سودانی چەند بڕیارێک دەردەکات

هەرێم نیوز

وەزارەتی بەرگری عێراق رایدەگەیەنێت: بەیانی ئەمڕۆ، عەبدولئەمیر رەشد یارەڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپا، بە یاوەری فەرماندەی هێزی پیادەو یاردیدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی، بۆ كاری نۆڕین لە پشتێنەی سنوری قائیمەوە بۆ شەنگال، سەردانی بارەگای پرۆسەكانی فیرقەی حەوتی پیادەی كردووە لە قائیم لە خۆرئاوای عێراق.

سەردانەكەی یارەڵا دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانی سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزارەی ئاسایشی نیشتمانی، فەرمانیكرد بە سەرجەم دەزگا ئەمنیەكان بە رێگەگرتن و راوەدونانی هەر چالاكییەكی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی كۆنتڕۆڵی دەوڵەت، ئەوەش دوای هەڕەشەكانی ئیسرائیل لە عێراق.

لە چوارچێوەی راسپاردەكانی سودانیدا، توندوتۆڵكردنی سنورەكانی خۆرئاوای عێراقە، لەڕێی چڕكردنەوەی چالاكییەكان و بڵاوبونەوەی خێراو، دانانی پلانی پێویست و كاركردن بۆ زامنكردنی قوڵایی ئەمنیی.

 سودانی ڕاشیگه‌یاند، عێراق بە توندی سەرکۆنەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەکات، کە ئامانجی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیە.

وتیشی، هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌توندی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و گرنگی به‌ گفتوگۆ و دیالۆگ ده‌ده‌ین. به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.

ئەنجومەنەکە هەڵوێستی حکومەتی عێراقی دوپاتکردەوە کە چەندین جار ڕایگەیاندوە، بڕیاری ئاشتی و جەنگ تەنیا مافی حکومەتی عێراقە و بەردەوامە لە ڕێوشوێنەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هەر هێرشێک، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئه‌و جۆره‌ هەڕەشانه‌ ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

 لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتانە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی چه‌ند بڕیارێكی په‌سه‌ند كرد.له‌وانه‌ش، ڕاسپاردنی وەزارەتی دەرەوە بۆ بەدواداچونی دۆسیەکە لە کۆڕبەندە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان و لەبەردەم دەزگاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی پێویست بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، بۆ پاراستنی مافەکانی عێراق. 

هه‌روه‌ها داوا لە کۆمکاری عەرەبی ده‌كرێت هەڵوێستێکی توند و یەکگرتووی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسڕائیل هه‌بێت. خاڵێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕیارێک لەژێر بەندی حەوتەم ده‌ربكرێت، بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە هەموو ناوچەکە و هەنگاونانی جدی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان، هه‌روه‌ها ڕێگریکردن لە هەر لایەنێک کە بیەوێت کردەوەی توندوتیژی ئەنجانم بدات.

 خاڵێكی دیكه‌ كه‌ داواكراوه‌ له‌ میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌یه‌، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق لەڕێگەی دیالۆگی ئەمنی و سەربازییەوە لەچوارچێوەی بەشی سێیەمی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی هەنگاوی کاریگەر بنێت، بۆ ڕێگریکردن لە هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیسڕائیل. 

هاوكات داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندامی دەکات ئەم هەڕەشانە سنوردار بکەن و ڕێگری لە بڵاوبونەوەی شەڕ بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP