دواین هەواڵ

عێراق‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

رۆژنامەیەک؛ سكاڵاكەی ئیسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایش ئامادەكارییە بۆ هێرشكردنە سەر عێراق

هەرێم نیوز

رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە راپۆرتێکدا رایدەگەیەیەنێت، پێدەچێت چارەنوسی روبەڕوبونەوەی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەكدارەكانی عێراق كە بوونەتە بەشێك لەوەی ناسراوە بە بەرەی مقاوەمە، بەرەو پێكدادان و ئاڵۆزی زیاتر هەنگاوبنێت، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی ئەو هێرشی گروپەكان كە بەشێوەیەكی رۆژانە ئەنجامی دەدەن لەم هەفتانەی دواییدا، هاوكات بڕیاری تەلئەبیب بە گواستنەوەی سكاڵا دژی ئەو گروپانە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كە ئەوەش هەندێك وا شرۆڤەی دەكەن بەشێك بێت لە پرۆسەی ئامادەكاری ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، بۆ لێدانی گروپە چەكدارەكان لە چوارچێوەی ئەو هەڕەشانەی كە پێشتر لێیكردون.

بەگوێرەی راپۆرتە ئیسرائیلیەكان تائێستا گروپە چەكدارەكانی عێراق زیاتر لە 12) هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، كە لەم دوو مانگەی رابردودا گەیشتووەتە لوتكە.
گدعون ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پەیامێكدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ئۆباڵی هێرشەكانی خستە ئەستۆی حكومەتی عێراق و جەختی لەمافی وڵاتەكەی كردەوە بەرگری لەخۆی بكات، داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش كرد، عێراق پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتیەكانی بكات.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەكەیداو بۆ یەكەمجار، شەش گروپی چەكداری تۆمەتبار كردووە بە ئەنجامدانی هێرشی كوشندە، كە بووەتە هۆی كوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیل.

ساعیر گروپەكانی ( عەسائیبی ئەهلی حەق و، كەتیبەكانی حزبوڵا و، لیواكانی بەدرو، بزوتنەوەی نوجەباو، ئەنساروڵای ئەوفیاو، كەتائیبی سەیدلشوهەدا)ی بە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل تۆمەتباركردووەو رایگەیاندووە، ئەم گروپانە سەربە حەشدی شەعبین، كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێن و ئێران ئاڕاستەیان دەكات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP