هەرێم نیوز
رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بەرەو شەفافی و دادپەروەری هەنگاو بنێت، وتیشی، بۆ سەرژمێری دانیشتوان، خەڵک دەبێت ئاماری ورد بدات بە تیمەكان، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بزاندرێن.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، وتی، "دەمەوێت ئاماژە بە دو شتی گرنگ بکەم، یەکەمیان ئەوەیە کە حکومەتی عێراق دەبێت بەرەو شەفافی و دادپەروەری هەنگاو بنێت، دور لە دەستێوەردانی بیانی و حزبی".
وتیشی، "بۆ سەرژمێری دانیشتوان، خەڵک دەبێت ئاماری ورد بدات بە تیمەكان، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بزاندرێن".
سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، "بابەتی دوهەم ئەوەیە کە حکومەتی عێراق و پەرلەمانی دەبێت کار بۆ دەركردنی یاسایەك بكەن دژی ئەو وڵاتانەی كە پاڵپشتی ئیسرائیل دەكەن، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە بە چەک پشتیوانی لێدەکەن، بەو مەرجەی کە زیان بە ئابوری عێراق نەگەیەنێت".
باسی لەوەش کردووە، "ئەوە کەمترین کارە کە دەسەڵاتدارانی عێراق لە دڵسۆزییان بۆ گەلانی فەلەستین و لوبنان دەتوانن بیکەن، ئەمە ئەوەیە کە لە عێراق چاوەڕوان دەکرێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لەو دوو ڕۆژەدا ڕاگەیەندراوە.