دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

فازڵ میرانی: دەخوازم سلێمانی بگەڕێتەوە شارە حەیاتەکەی جاران

هەرێم نیوز

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەخوازم سلێمانی بگەڕێتەوە شارە حەیاتەکەی جاران، وتیشی، یەک هێزی پێشمەرگە ئاسان نییە، مەحاڵیش نییە.

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان 24 رایگەیاند، کوردستان پێویستی بە کردارە نەک گوتار،لە عێراق هەر کاتێک شۆڕشی کورد بەهێز بووبێت و عێراق بێ هێز بووبێت، کرانەوە دروست بووە و تەنازولیان کردووە، عێراق وڵاتێکی بەهێز نییە، بەڵام بەرامبەر بە ئێمە خۆی بەهێز دەبینێت چونکە ئێمە لەنێو خۆماندا بێ هێزین. 

فازڵ میرانی دەڵێت: هاتنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ کوردستان ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی بە کورد بڵێت هاتووم یارمەتی ئێوە بدەم، هاوکات بۆ ئەوەی نیشانی تورکیا و ئێرانی بدات کە ئێمە لە عێراق زمانێکی هاوبەشمان هەیە، بە ئیدارەی ئەمەریکی نوێش بڵێت: پەیوەندییەکانی کوردستان و بەغدا باشە.

وتیشی،  ئاسان نییە شیکردنەوە بۆ کارکردنی ئەو سەرۆکە نوێیەی ئەمەریکا بکرێت، چونکە پیاوی کارە، ئەوانەی لە بزنس کاردەکەن مشورەت ناکەن، بڕیار دەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمەریکا بەلای ئەمەریکاییەکان لە پێشەوەی هەموو شتێکە، سیاسەتی ئەمەریکا جێگیرە و نەگۆڕە، بەڵام ئەمەریکا دەبێت هەوڵێک بدات متمانە بداتەوە  هاوپەیمانەکانی.

فازڵ میرانی وتیشی، ئێمە وەک پارتی پشتیوانی چارەسەریی کێشەی کورد بووینە لە پارچەکانی دیکە بەشێوەیەکی ئاشتی، خۆشمان نەکردووەتە بەدیلی هیچ حزبێک لەو پارچانە.

لەبارەی دانووستانەکانی دوای هەڵبژاردن، فازڵ میرانی وتی، پێویستە پێشتر تیشک بخەینە سەر پێکهێنانی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرین، دوای ئەوە حکوومەت هێواش هێواش دروست بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە بەپێی تواناکان لایەنەکان خواستیان هەبێت، شتێک نییە ڕێگریی لە دروستبوونی حکوومەت بکات بە مەرجی ئەوەی بەرژەوەندی وڵات و میللەت لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبەکان بێت.

فازڵ میرانی دەڵێت، ڕێزی مام جەلال ئەوە نەبوو بیگۆڕین و بیشکێنین و دەریان کەین، مام جەلال ئەو شێوازەی لەگەڵ پارتی بەکار نەدەهێنا، مام جەلال کوردستانی لا مەبەست بوو، ڕێبازەکەی مام جەلال پەیڕەو ناکرێ، ئەوە کێشەیەکە ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە، دەستی دەرەکی کوردستانی دابەشکردووە و دەستەکەش هەر ماوە. 

لەبارەی بەشداریی پێکهاتەکان لە حکوومەتی داهاتوو، فازڵ میرانی وتی، با پرسی یەکەم و دووەم چارە بکەین، ئینجا دێینە سەر کێشەی پێکهاتەکان، ئێمە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی وشەی کەمینەمان لە فەرهەنگی خۆمان لاداوە، ڕێککەوتنی یەکێتی یاخود پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان بەبێ یەکتر کێشەکە چارە ناکات، بەڵام چارەکردنی کێسەی نێوان ئێمە و یەکێتی، کێشەی پێکهاتەکانیش چارە دەکات.

وتیشی، وەک پارتی 800 هەزار دەنگمان هەیە، لەگەڵ دەنگی نەینەواو کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی 140ـی بخەینە سەر، دەنگی پارتی لە ملیۆنێک دەنگ ڕەت دەکات، ڕەنگە لە پەرلەمانی عێراق کورسیەکانمان زیاد بکات، دەشڵێت: ئەگەر یەک بازنە بووایە، ڕەنگە پارتی 44 بۆ 45 کورسی دەست خستبا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP