هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە چەند ناوچەیەک ئەنجامدا.
ئەمڕۆ شەممە 16ـی 11ی 2024، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە تێیدا هاتووە، کاتژمێر 6ـی ئەمڕۆ بەیانی، لیوای 14ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی فیرقەی 14ـی پیادەی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان ئەنجام دا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ناوچەی گوندەکانی کوشافی خواروو، کوشافی سەروو تا دەگاتە قەراغ زێی گەورە، کێوماڵ کران و گەڕان و پشکنینیان بۆ ئەنجام درا، دوای نیوەڕۆ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە هات.
ئەوەش هاتووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکانی گومانی بوونی حەشارگەی داعشیان لێدەکرێت بەردەوامە، لە هەندێ لەو ناوچانەش هێزەکانی ئاسمانی عێراق بە پشتیوانی فڕۆکەی ئێف16 ـی جەنگی، حەشارگە و مۆڵگەکەکانی داعش خاپوور دەکەن.