دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

لوبنان پێداچوونەوە بە پێشنیارەکەی ئەمەریکا دەکات بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵا

هەرێم نیوز 

ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی باڵای لوبنان، کۆمەڵێک وردەکاری پێشنیارەکەی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای خستوەتەڕوو و دەڵێت لوبنان لە ئێستادا تاوتوێی ئەو پێشنیارە دەکات. ئەو ئاژانسە هەواڵییە لە زاری یەکێک لەو بەرپرسانە نووسیویەتی پێشنیارەکەی ئەمەریکا 13 بڕگەی لەخۆگرتووە.

بە وتەی بەرپرسە لوبناییەکان، پێشنیارەکە ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە لەخۆ دەگرێت و داوا دەکات لەو ماوەیەدا لوبنان هێزەکانی خۆی لە لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل جێگیر بکات.

بەرپرسە لوبنانییەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل هێشتا وەڵامی ئەم پێشنیارەی نەداوەتەوە.

هەواڵی پێشکەشکردنی پێشنیاری ئاگربەستی ئەمەریکا بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان، یەکەمجار لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوە بڵاویکردەوە باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەیروت ڕەشنووسی پێشنیاری ئاگربەستی بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حــ.ـیزبـ.ـوڵڵا پێشکەش بە نەبیە بڕی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کردووە.

ڕۆیتەرز ڕایگەیاند ئەمەریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حــ.ـیزبـ.ـوڵڵا نێوەندگیری بۆ ئاگربەست دەکات، بەڵام هەوڵەکانی تاکو ئێستا شکستیان هێناوه .

دوو سەرچاوەی سیاسی باڵا لە لوبنان کە ڕۆیتەرز ناوەکانیانی ئاشکرا نەکردووە، ڕایانگەیاندووە، باڵیۆزی ئەمەریکا لیزا جۆنسۆن چاوی بە نەبیح بێری کە هاوپەیمانی حزبوڵایە کەوتووە بۆ پێشکەشکردنی یەکەم پیشنیاری نووسراوی واشنتن.

ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەو پێشنیازە نەکراوە. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.

دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەست لە لوبنان تا ئێستا سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئەم بڕیارنامەیە کۆتایی بە دوایین خولی ململانێی نێوان؛ حــ.ـیزبـ.ـوڵڵا و ئیسرائیل لە ساڵی 2006 هێنا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە باشووری لوبنان دەبێت چۆڵ بکرێت لەو چەکانەی کە پەیوەندیان بە حکومەتی لوبنانەوە نییە. تا ئێستا حــ.ـیزبـ.ـوڵڵا بەم بەشەی بڕیارنامەی 1701وە پابەند نەبووە.

ڕەشنووسی پێشنیارەکان کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دزەیان پێکرابوو، وردەکارییەکانی میکانیزمێکی چاودێری لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت وڵاتانی دیکەش تێوەبگلێنێت.

لوبنان بڕیارنامەی 1701ی وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەو ململانێیەی ئێستا پەسەند کردووە، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت مافی بە ئامانجگرتنی حــ.ـیزبـ.ـوڵڵا بپارێزێت لە ئەگەری پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست یان هەڕەشەکردن لەو وڵاتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP