هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە دووری نازانێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی. دەشڵێت "لەوانەیە ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتییەدا سەربازانی ئەمەریکا لە سووریا بکشێنێتەوە."
یاشار گولەر شەوی ڕابردو لە میانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ كەناڵ "TV100"ی وڵاتەكە ڕایگەیاند، باوەڕیوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ماوەی خولی نوێی وڵاتەکەیدا کە لە مانگی 1ی ساڵی داهاتوەوە دەست پێدەکات، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەکشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆكایەتیەكەیدا سێ جار ڕێنمایی دەرکردوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و چاوەڕوانن کە سەرۆکی داهاتو لە خولی نوێی خۆیدا سەرنجی لەسەر ئەم بابەتە بێت و "من باوەڕم وایە کە ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکشێنێتەوە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە ماوەی خولی داهاتوی ترەمپدا، وەزیری بەرگری توركیا باسی لەوەكرد، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانمان لە ئێستادا زۆر ئەرێنییە و باوەڕم وایە دەتوانین بەرەو باشتر پەرەیان پێبدەین، ڕەتیدەکەینەوە کە پەیوەندییەکان ڕو لە خراپ بون بكەن، تورکیا دەیەوێت 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بکڕێت، گرێبەستەکانیش ئەنجامدراون".
لەبارەی گفتوگۆیان لەگەڵ سووریا و ئەگەری کشانەوەی هێزەکانیشیان گوتی، "ئێمە لە سووریا ناکشێینەوە و ئەوە پەیوەستە بە چەند مەرجێکەوە، بۆچوونیشم وایە بانگهێشتی ئەردۆغان بۆ بەشار ئەسەد هەلە و پێویستە باش هەڵیبسەنگێنێت".
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەشی گوتی، "سەرۆککۆمارمان باسی لە گرنگیی بەهێزکردنی سەنگەری ناوخۆمان کردووە و منیش زۆر هاوڕام لەگەڵیدا، چونکە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان بەهێزە، بۆیە دەبێت هەمیشە ئامادەی هەر ئەگەرێک بین و ئامادەی بەکارهێنانی هەر توانایاکی خۆمانین. وڵاتێکی وەک ئیسرائیل دەکرێت پەنا بۆ بەکارهێنانی پەکەکەش دژی ئێمە ببات".