هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووەتەوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، جارێکی دیکەی بنەمای ئینفاقی فیعلی بووەتە گرفت لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵە و ئێمەش ناڕەزاییمان لەسەری هەیە" .
ماڵپەڕی بەغداد یەوم ئەمڕۆ سێشەممە 12ی 11ی 2024 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووەتەوە و رایگەیاندووە لیستەکە کێشەی هونەری تێدایە، وتیشی، گرفت لە ژمارەی فەرمانبەران و تۆمار و زانیارییەکاندا هەیە.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم گرفتە بووەتە هۆی دواكەوتنی ناردنی پارە، كە بڕیاربوو یەكشەممەی رابردوو بەغدا بڕی 540 ملیار دینار وەك یەكەم گوژمە رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام دواخرا تا راستكردنەوەی لیستەكان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە".
لای خۆشیەوە، نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی ناردنی مووچەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جارێکی دیکەی بنەمای ئینفاقی فیعلی بووەتە گرفت لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، چونکە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە بودجەی تەواو خەرج بکات، بەڵکو بە گوێرەی بڕی خەرجکراوی بودجە، جارێکی دیکە پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.67 خەرج دەکاتەوە، کە لە نێویدا مووچە هەیە، ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵە و ئێمەش ناڕەزاییمان لەسەری هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان لە بودجەدا پشکی خۆی تایبەت کراوە، بەڵام کێشەکە لە ئینفاقی فیعلییە، هەروەها ئەو پارەیەشی لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا زیاترە لەوەی پێشتر خەملاندنی بۆ کراوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە مووچەی خانەنشینان و مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژکراوە، تێبینی دیکە لەسەر لیستی مووچە دروستبووە، ئەگەرنا ئەو پارەیەی خەرجکراوە کەمترە لەوەی وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، هەروەها گرفت لەوەدایە ئەو بەشە پارەیەی بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران دانراوە کورتهێنانی هەیە و بەش ناکات.
وتیشی، ئێمە پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ بەردەوام دەبین لە فشارەکانمان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕانەگیرێت و بەردەوام بێت.