دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

نەرمین مەعرووف: جارێکی تر ئینفاقی فیعلی بووەتە گرفت لەبەردەم ناردنی مووچە

هەرێم نیوز

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دیسانەوە ئینفاقی فیعلی بووەتە گرفت لەبەردەم ناردنی مووچە، دەشڵێت، "پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ لە فشارەکان بۆ ناردنی مووچە بەردەوام دەبین". 

نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ لە فشارەکانمان بۆ سەر وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبین لە پێناو ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم،

وتیشی، لەم خولەی پەرلەمان تەنیا ئەو ماددەیەی لە پرۆژە بودجەی 2025،  پەیوەستە بە دەرهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بڕیارە دەخرێتە دەنگدان.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی ناردنی مووچەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جارێکی دیکەی بنەمای ئینفاقی فیعلی بووەتە گرفت لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، چونکە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە بودجەی تەواو خەرج بکات، بەڵکو بە گوێرەی بڕی خەرجکراوی بودجە، جارێکی دیکە پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.67 خەرج دەکاتەوە، کە لە نێویدا مووچە هەیە، ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵە و ئێمەش ناڕەزاییمان لەسەری هەیە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان لە بودجەدا پشکی خۆی تایبەت کراوە، بەڵام کێشەکە لە ئینفاقی فیعلییە، هەروەها ئەو پارەیەشی لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا زیاترە لەوەی پێشتر خەملاندنی بۆ کراوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە مووچەی خانەنشینان و مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژکراوە، تێبینی دیکە لەسەر لیستی مووچە دروستبووە، ئەگەرنا ئەو پارەیەی خەرجکراوە کەمترە لەوەی وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، هەروەها گرفت لەوەدایە ئەو بەشە پارەیەی بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران دانراوە کورتهێنانی هەیە و بەش ناکات.

وتیشی، ئێمە پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ بەردەوام دەبین لە فشارەکانمان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕانەگیرێت و بەردەوام بێت.

باسی لەوەش کردووە، درێژکردنەوەی مانگێک لە تەمەنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆژەی بودەجەی گشتیی نییە، بەڵکو ئەم بابەتە دەکەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمان، بەڵام هەمواری بڕگەی دووەمی ماددەی 12، کە تایبەتە بە دەرهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە پرۆژەی بودجەی چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو ، کە حکوومەتی عێراق بەهای دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلار پەسەند کردووە، بەڵام پرۆژە یاساکە هێشتا ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و لەلایەن لیژنە پەیوەنددارەکان ڕاپۆرتی لەسەر ئامادە بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP