دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی باش خەریکە گەشە دەکات

هەرێم نیوز 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بانگەشەی هەڵبژاردن و بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە دەردەخات "پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی باش و لەسەر رێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری لە دوایین پانێڵدا کە بە ناونیشانی "هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەوروبەرێكی پشێودا: دیدگا و ئاراستەکان"ـە، قسە دەکات.

سەرەتای قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. نێچیرڤان بارزانی وتی، "مەسەلەی هەڵبژاردن مەسەلەیەکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان. هەڵبژاردن سەرچاوەی رەوایەتیدانە بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر خراپ بوو."

هەروەها رایگەیاند "هەڵبژاردن گرنگە، لەبەرئەوەی رەوایەتیی دەسەڵات دەدات بە هەر کەسێک کە بیباتەوە. هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەو مۆدێلەیان هەڵبژاردووە؛ مەسەلەی دیموکراسییەت و دەسەڵات لەڕێگەی سدووقی دەسەڵاتەوە."

لەبارەی براوەی هەڵبژاردنیش، نێچیرڤان بارزانی وتی "براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنە، گەلی کوردستان و عێراق بوون، کەم نییە نزیکەی 72٪ـی خەڵک بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کرد."

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هەر لەبارەی هەڵبژاردن سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "خۆشبەختانە دەڵێین بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە، پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بەشێوەیەکی باش و لەسەر رێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات. لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسیدا گەلی کوردستان سەلماندی پێویستە زیاتریشی بۆ بکرێت و سوپاس بکرێت. ئێوە تەسەوری ئەوە بکەن؛ دوو حیزبی رکابەر لە یەک کاتدا لە هەولێر بانگەشەیەکی گەورەی هەڵبژاردنیان دەکرد و هیچ کێشەیەکیش رووینەدا."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP