دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/10/2024

نووسراوی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژە دەکرێت

هەرێم نیوز

دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، نووسراوی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و  ئەنجوومەنی ڕاژە دەکرێت،  بۆ ئەوەی کاری پێویستی لەسەر بکەن و جێبەجێی بکەن. 

لە نووسراوەكەیدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژە كردووە، بەزووترین کات گشتاندن بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاسایییەکانی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکەن.

ڕۆژی سێشەممە، بەرواری 22ی10ی2024 ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نووسراوی فەرمی بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە دەرکردووە و تیایدا هاتووە، كە بەزووترین كات گشتاندن بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێ و رێكارەكان بگیرێنە بەر.

لە هەمان نووسراودا ئاماژە بەوەش کراوە "لە دوای ساخبوونەوەی شایستەبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ بە هەمیشەییبوون بە پێی مەرجەکان ئەو کات وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچەیان وەکوو فەرمانبەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی لیستی مووچەی وەزارەت و لایەنی تایبەتمەند ئامادە بکات و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی بەپێی بڕیاری هاوپێچی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی کاری پێویست". 

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دەرکرد. 

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 31 هەزار فەرمانبەرانی گرێبەست هەیە و 7%ی كۆی گشتیی مووچەخۆرانی شارستانی پێكدێنن، بەپێی بڕوانامە و جۆری كاركردنیان بڕی مووچەیان دیاریكراوە، دوای بەهەمیشەییکردنیان مووچەی سەرجەمیان زیاد دەبێت، بەهەمیشەییکردنیان لەسەر میلاکی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە هەرێمی کوردستان دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP