دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/10/2024

بارزانی: سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستانه‌

هەرێم نیوز

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ، پەیامێكی لەبارەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و لایەنگرانی پارتی و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكات.

لە پەیامەكەی بارزانیدا هاتووە: شوكر بۆ خودای مەزن پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و خەڵكی كوردستان توانیان لە كەشێكی ئازاددا دەنگی خۆیان بدەن.

دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شوكر بۆ خودای مەزن پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و خەڵكی كوردستان توانیان لە كەشێكی ئازاددا دەنگی خۆیان بدەن. 
بە دڵنیاییەوە سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە سەركەوتنی گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانیەوە. بەم بۆنەوە سوپاس و پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكەم.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و کوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و هێزە ئەمنیەكان بکەم كە پێكەوە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت. هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی هیوایەكی نوێ و قۆناغێكی تازە بەدی بهێنێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت.
مسعود بارزانی
20ی ئۆكتۆبەری 2024



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP