هەرێم نیوز
ئومێد خۆشناو، سەرۆکى لێژنەى ئەمنیى هەڵبژاردنى پارێزگاى هەولێر، ئاگادارییەكی گرنگی بۆ هاووڵاتییانی هەولێر بڵاوكردەوە و دەڵێت، دوای هەڵبژاردن پەنا نەبرتە بەر تەقەکردن، هەرکەسێک ئەم کارە بکات دەستگیردەکرێت.
لیژنەی ئەمنی هەولێر ڕایگەیاند، ئاگاداری گشت هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەکەینەوە، دوایی کۆتایی هاتنى پڕۆسەى دەنگدانى گشتیى و دەرکەوتنى دەرەنجامە سەرەتاییەکان، بە شێوەیەکی هێمن و ئارام و دوور لە گیر و گرفت، خۆشییەکانى خۆیان دەرببڕن و پەنا نەبردرێتە بەر تەقەکردن، هەرکەس و لایەنێک یاسا بشکێنێ و تەقە بکات، دەستگیر دەکرێت و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دەشڵێت، سوپاس و دەستخۆشى بۆ سەرجەم هێزەکانى ناوخۆ کە پلانى ئەمنى پارێزگاى هەولێریان وەک چۆن داڕێژرابوو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى ئارام و دوور لە گرفت و کێشە جێبەجێکرد و هیچ لەمپەرێک نەهاتە پێش، لێرەشەوە زۆر سوپاس بۆ هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان کە وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى هێزە ئەمنیەکان بوون.