دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19/10/2024

پارتی: له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌مان تۆماركردووه‌

هەرێم نیوز

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ  خولی شەشەمی  پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا، ئاماژەی بەوە كردووە: پیرۆزباییەكی گەرم بۆ سەركەوتنی گەورەی لیستی 190ـی پارتیمان لە دەنگدانی تایبەت دەكەین، كە لە ڕۆژی 18ـی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوە چوو.

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی داوا لە دەنگدەرانی كوردستان دەكات "بە فراوانی بەشداری لە هەڵبژاردنی سبەینێ 20ـی ئۆكتۆبەر بكەن تاوەکوو كوردستان لە دەستی ئەمیندا بمێنێت". 

دەقی راگەیاندراوەکە:

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان...
بەناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی پارتیمان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم بۆ سەركەوتنی گەورەی لیستی ١٩٠ـی پارتیمان لە دەنگدانی تایبەت دەكەین كە لە ڕۆژی ١٨ـی ئۆكتۆبەری ۲٠۲٤ بەڕێوەچوو.
وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ ڕۆڵی جوامێرانە و قارەمانانەی پارێزەرانی وڵات، ئەم متمانە گەورە و گرنگەی پێشمەرگە قارەمانەكان و دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت بە پارتیمان، مایەی سەربەرزی و شانازیی گەورەیە.
هەروەك چۆن لە داستانە گەورەكاندا پێشمەرگە بە گیان و خوێنی پیرۆزی خۆیان بەرگرییان لە كوردستان دەكرد، بەم دەنگدانە فراوان و زۆرەیان بۆ لیستی ١٩٠ـی پارتیمان جارێكی دیكە سەنگەری بەرگری لە ئارامی كوردستان بۆ ئاوەدانی و خۆڕاگری زیاتر پاراست و بەمەش موژدەی سەركەوتنی گەورەتری پارتییان دا.
بە ناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی پارتیمان دووبارە سوپاس و پێزانینمان بۆ تێكڕای دەنگدەرە بەڕێزەكانی دەنگدانی تایبەت و داوا لە دەنگدەرانی كوردستان دەكەین بە فراوانی بەشداری لە هەڵبژاردنی سبەی ٢٠ـی ئۆكتۆبەر بكەن تا كوردستان لە دەستی ئەمیندا بمێنێ.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
۱۹ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲٤



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP