دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18/10/2024

کۆمیسیۆن: نوێنەری حزبەکان دەتوانن سکاڵاکانیان تۆماربکەن

هەرێم نیوز

گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە نوێنەری هەموو حزبەكان لە بنكە و وێستگەكانی دەنگدان دان و دەتوانن لەسەر هەر پێشێلكارییەك سكاڵا تۆمار بكەن.

ئەمڕۆ هەیینی، جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: "حزبەكان نوێنەریان لە تێكڕای بنكە و وێستگەكانی دەنگدان هەیە و بۆ هەر پێشێلكارییەك دەتوانن سكاڵای خۆیان تۆمار بكەن."

وتیشی: تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت، هەر پێشێلکارییەکیش رووبدات ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رێکاری یاسایی خۆی دەگرێتەبەر و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت لەو بابەتەدا.

راشیگەیاند: "چاودێران ناتوانن سکاڵا تۆماربکەن، بەڵام دەتوانن راپۆرتی خۆیان پێشکێش بکەن و دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات و رێکاری یاسایی بەرامبەر پێشێلکاران دەگرێتەبەر."

دەشڵێت: "لە هەڵبژاردنەكان وێنە و ڤیدیۆی كۆن لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێتەوە، ئەوەش بۆ دروستكردنی گومان و نانەوەی كێشە و گرفتە لە شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان."

ئەوەشی وت، ئێمە لەرێگەی کامێراکانەوە کە لە بنکە و ناوەندەکاندا دامانناون، پێداچوونەوە بەو شوێنانە دەکەین کە پێشێلکارییان تێداکراوە و تەماشای دیمەنەکان دەکرێتەوە، هۆشداری تووند دەدەینە دەنگدەر و کارمەندانی بنکەکان کەوا هەرکەسێک لەو پێشێلکارییانەدا بەشداربووبێت یان هۆکار بووبێت بۆ روودانی، رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەدرێتە دادگەی پەیوەندیدار بەو بابەتە."

ئاماژەی برەوەشدا،  پاش 24 کاتژمێر لە دەنگدان ، لە دەنگدانی تایبەتدا حیزبەکان ئەنجامی سەرەتایی دەنگەکانیان دەزانن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردوە. بڕیارە 20ی مانگیش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبچێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP