دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری کارەبا هەرێم: لەم کابینەیەدا زیاتر لە 1300 مێگاوات کارەبا زیاد کراوە

هەرێم نیوز 

وەزیری کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، "لەم کابینەیەدا توانیومانە 1340 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد بکەین. هەروەها مانگانە 7000 تا 7500 هاوبەشی نوێ زیاد دەبن، دەشڵێت، ئەو کارانەی کردومانە لە سەدا 90ـی دەستی کاری کۆمپانیای خۆماڵی بووە". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  "لەدەستپێکی کابینەی نۆیەم،  توانیومانە 1340 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد بکەین، لەو بڕەش 750 مێگاواتمان لە بازیان بەرهەم هێناوە، 300 مێگاواتیشمان لە خەبات بەرهەم هێناوە، 165 مێگاوات لەگەرمیان و 38 مێگاواتیش لە بەنداوی ڕەشاڤا لە دێرەلوک و 87 مێگاواتی دیکەش بەرهەم هێنراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو کۆتایی ساڵ، 500 مێگاواتی دیکەش لە خورمەڵە زیاد دەبێت، کە ئەو 500 مێگاواتە بەبێ سووتەمەنی و تەنیا بەهەڵم بەرهەم دەهێنرێت."

جەختیشی کردەوە، "نرخی کڕینی کارەبا تا ڕادەیەک بەرزبوویەوە، ئێمەش لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەمان کرد و وامان کرد ساڵانە 210 ملیۆن دۆلار تێچووی کڕینی کارەبا کەمبکەینەوە".

کەمال محەممەد ڕاشیگەیاند، "مانگانە 7000 تا 7500 هاوبەشی نوێ کارەبا دێنە ناو تۆڕی هەرێمی کوردستان؛  تەنیا لەم کابینەیەدا 449520 هاوبەشی نوێ تاوەکو 1ـی 9ـی 2024 زیاد بوونە، ئێستا ملیۆنێک و 885 هەزار هاوبەشی کارەبامان هەیە."

وەزیری کارەبا وتیشی،  "ئێمە 15 وێستگەی کارەبامان هەیە، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و دەرەوە کاردەکەین، کە سەرەکیترینیان کۆمپانیای "ماس"ـە کە 400 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت."

دەشڵێت، "ئەگەر بەرهەمهێنان زۆریش بێت کە گواستنەوە نەبێت خەڵک سوود نابینن، بۆیە لەم کابینەیەدا 61 پرۆژەی گواستنەوەی کارەبامان کردووە، کە لەوانە وێستگەی کەلار بە گوژمەی 22 ملیار دینار جێبەجێ کراوە، سەیدسادق بۆ هەڵەبجە 17 ملیار، سەنتەری هەڵەبجە 4.8 ملیار دینار، پیرەمەگرون 3.7 ملیار و بازیان بۆ ڕاپەڕین 32 ملیار دینار بووە هەروەها لە سۆران و هەولێر چەندین پرۆژەی دیکە جێبەجێ کراون.

ئەو وەزیرەی حکوومەت وتیشی، "ئەو کارانەی کردومانە لە سەدا 90ـی دەستی کاری کۆمپانیای خۆماڵی بووە." 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP