دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17/10/2024

بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات دادەنرێت

هەرێم نیوز 

بە ئامـادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات دەستی پێ کرد و ڕایگه‌یاند، لە کابینەی نۆیەم بایەخەکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگەوبان داوە.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، "ئەم ڕێگەیە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت و سوود بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت."

وتیشی، "بایەخێکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگاوبان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان داوە و هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە دوای دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری ڕێگاوبانانە و ژمارەیەکی زۆری دیکەی پرۆژەی هاوشێوە لە پلان و بەرنامەماندان و لە داهاتوودا جێ بەجێ دەکرێن." 

باسی لەوەش کرد،" جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات ڕێگەیەکی گرنگی ئابوورییە کە هەولێر بە دهۆک و مووسڵەوە دەبەستێتەوە. ڕێگەیەکی گرنگیی بازرگانیشە بەوپێیەی کاتێک بارهەڵگر لە تورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستان و دواتر دەچنە پارێزگاکانی دیکەش عێراقیش، سوود ئەم ڕێگەیە بە کار دەهێنن". 

درێژایی پرۆژەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات نزیکەی 28 کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 80 ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت. 

پرۆژەکە، هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگەیەکی سەرەکیی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانە.

لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەزار و 967 پرۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان بە گوژمەی یەك تریلیۆن و 863 ملیار دینار خراونەتە بواری جێبەجێکردن، کە بەشێکی زۆریان پرۆژەی ستراتیجین؛ وەك شەقامی 150 مەتریی هەولێر، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و شەقامی بارزان لە دهۆك.

تا ئێستە 926 پرۆژەی دروستکردنی شەقام کارەکانیان بە ڕێژەی سەدا 100 تەواو بووە و هەزار و 41 پرۆژەی دیکەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان لە ژ‌ێر قۆناغی جێبەجێ کردندان.

هەروەها 44 پرۆژەی دیکەی مامناوەند و ستراتیجیی کابینەکانی پێشووتر کە تەواو نەکرابوون لە کابینەی نۆیەمدا پارەیان بۆ تەرخان کراوە و 13 لەو پرۆژانەش کارەکانیان تەواو کراوە.

لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 585 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون کە 75ـیان پرۆژەی ستراتیجی و گرنگن؛ هەروەها 291 پرۆژەی دیکەش ئێستە جێبەجێ دەکرێن.

لە کۆی ئەو 585 پرۆژەی ڕێگاوبان کە کارەکانیان کۆتایی هاتووە، توانراوە هەزار و 363 کیلۆمەتر ڕێگەی تازە بە بڕی زیاتر لە 930 ملیار دینار دروست بکرێت و زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیر لەو پرۆژانە بەکار هێنراوە.

زۆرینەی پرۆژەکانی تایبەت بە ڕێگەوبان لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێ بەجێ کراون.

پرۆژەکانی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان ئاسانکاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات و سیمای شارەکانیش جوانتر دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP