دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15/10/2024

شەڕ لە نێوان چەند شۆفێرێک ڕوویدا و بەوهۆیەوە شۆفێرێکی بارهەڵگر بە چەقۆ کۆژرا

هەرێم نیوز
وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ڕایگەیاند، “شەڕ لە نێوان چەند شۆفێرێکی باکووری کوردستان درووست بووە، بەهۆیەوە شۆفێرێکی بارهەڵگر کە ناوبژیکەر بووە بە چەقۆ کوژرا”.

 ئەمشەو ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “نزیک کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمرۆ لە گۆڕەپانی وەستانی بارهەڵگرەکان لە سەر رێگای دەروازەی نێودەولەتی ئیبراهیم خەلیل، نزیک گوندی چەمکورک، دەمەقاڵێ لە نێوان چەند شوفێرێک دروست بوو و دواتر گەورە بووەوە و بوو بە شەڕە چەقۆ، لەئەنجامدا شۆفێری بارهەڵگرێک بە سەختی بریندار بوو و دوای گەیاندنی بە فریاکەوتنی زاخۆ گیانی لەدەستدا”.

ئاشکراشیکرد: “ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ، هیچ پەیوەندی بە شەڕەکەوە نەبووە، ناوبژیکەر بووە و یەک چەقۆ بەر پشتی کەوتووە، تەمەنیشی نزیکەی 45 ساڵە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەوە کەسە کوردە و خەڵکی سلۆپی باکوری کوردستانە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە”

باسی لەوەشکرد: “بکوژەکە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP