دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

بەگوێرەی کۆمسیۆنی باڵای عێراق، ئەمشەو کاتژمێر 12ــی شەو بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوای وادەی دیاریکراوی خۆی کۆتایی دێت.

 ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، هاوکات بڕیارە 18ـــی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت و 20ــی مانگ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ملیۆن 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەری گشتیین و 215 هەزار و 960 دەنگدەری تایبەتن.

بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان 100کورسییە کە بەمشێوەیە بەسەر چوار بازندا دابەشبوون؛ هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجە سێ کورسی.

هاوکات، 22 لیست و دوو هاوپەیمانێتی و لەگەڵ 1191 بەربژێر کە نزیکەی 75 بەربژێر کە بەشێوەی تاک بۆ کورسیی گشتی و کورسیی کۆتای پێکهاتەکان خۆیان  پاڵاوتووە.

ناوی ئەو لیستانەی کە بەشداری لە هەڵبژرادن دەکەن بریتییە لە: (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، بەرەی گەل، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، هاوپەیمانیی نیشتمانی، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان و بەرەی تورکمانی).

هاوکات، هەریەکە لە لایەنەکانی (حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە بۆ چوونە پێشبڕکێی هەڵبژاردن.

هاوپەیمانی سەردەمیش کە لە پارتی پارێزگارانی كوردستان، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان و یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵلای حاجی مەحموود خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە.

لەبارەی ناوەندەکانی دەنگدان، ژمارەی بنکەکانی دەنگدان برتییە لە 1266 بنکە و ژمارەی وێستگەکانیش 6318 وێستگەیە، بۆ دەنگدانی گشتی ژمارەی ناوەندەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی گشتی بریتییە لە 173 ناوەند لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان (هەولێر،سلێمانی،دهۆک و هەڵەبجە).

هەروەها دەنگدانی تایبەت، ژمارەی بنکەکانی دەنگدان لە پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بریتییە لە 165 بنکەی دەنگدان،  ژمارەی وێستگەکانیش بریتییە لە 749 وێستگە.

لەلایەکی دیکەوە، 42 هەزار کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکراون. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP