دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15/10/2024

کۆمسیۆن: پرۆسەی دەنگدان لە هەردو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی درێژ ناكرێتەوە

هەرێم نیوز

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان لە هەردو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی  درێژ ناكرێتەوە و بنكەكان لە كاتژمێر 7:00ی بەیانی بۆ 6:00ی ئێوارە كراوە دەبن، هەروەها دەشڵێت، "دەنگدان تەنها لە ڕێگەی بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتری دەنگدەرانەوە دەبێت".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق  ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرجەم هاوپەیمانییەكان، حزبەكان، پاڵێوراوەكان و بریكارەكان، دەنگدەران، چاودێران و ڕاگەیاندنكاران ئاگادار دەكاتەوە كە بنكەكانی دەنگدان لە كاتژمێر 7:00ی بەیانی تاكو 6:00ی ئێوارە كراوە دەبن، لە ڕۆژی هەینی بۆ دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەكشەممەش بۆ دەنگدانی گشتی و پرۆسەی دەنگدان درێژناكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەی كردنەوە و داخستنی وێستگەكانی دەنگدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت و دەنگدان تەنها لە ڕێگەی بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتری دەنگدەرانەوە دەبێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ڕێگە نادرێت بە بردنەژورەوەی ئامێری موبایل و كامێرا بۆناو بننكە و وێستگەكانی دەنگدان، تەنها لەو بنكانە نەبێت كە بۆ ڕاگەیەندنكاران تەرخانكراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لەسەرجەم بازنەکانى هەڵبژاردن وەرگرتنەوەى کارتى بایۆمەترى دەنگدان گەیشتوەتە زیاتر لە 90%، بڕیارە لە رۆژى 18ـى ئەم مانگە دەنگدانى تایبەت و لەرۆژى 20ـى مانگیش دەنگدانى گشتیی بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP