دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/10/2024

مەسرور بارزانی: کابینەی نۆیەم کاری بۆ کۆنترۆڵ و ڕێگریی لە هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو بۆ نێو هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند، کابینەی نۆیەم کاری بۆ کۆنترۆڵ و ڕێگریی لە هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو بۆ نێو هەرێمی کوردستان کردووە و "هاووڵاتیمان کردووەتە سەنتەری بایەخی حکوومەت و لای ئێمە سەلامەتی هاووڵاتییان لە سوودی بازرگانی گرنگترە"، دەشڵێت، هەر جۆرە دەرمانێک ستیکەری وەزارەتی تەندروستی پێوەنەبوو، نەیکڕن.

ئەمڕۆ دووشەمە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی چاکسازی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دەرمان، گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند "کەرتی تەندروستیی ئێمە لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت باشتری بکەین". 

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد، "یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کابینەی  نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی پرۆسەیەکی بەرفراوانی چاکسازیی بووە لە کەرتی تەندروستی و چەندین هەوڵیش لەگەڵ لایەنی پسپۆڕی بیانی دراون، قسە و کۆبوونەوە و کۆنفرانسی زۆر کراوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین دەست لەسەر ئەو خاڵانە دابنێین کە پێویستییان بە چارەسەریی و چاکسازیی هەیە و چەندان ساڵە کەرتی تەندروستی پێیانەوە گیرۆدەیە".

وتیشی، "لە ماوەی ڕابردوودا، کابینەی نۆیەم کاری بۆ کۆنترۆڵ و ڕێگریی لە هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو بۆ نێو هەرێمی کوردستان کردووە و  هاووڵاتیمان کردووەتە سەنتەری بایەخی حکوومەت و لای ئێمە سەلامەتی هاووڵاتییان لە سوودی بازرگانی گرنگترە". 

ئاماژەی بەوەش کرد، "چەندان نەخۆشخانەی نوێی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە  ئاست و کوالێتیی زۆر باش دروست کردووە؛ هەروەها چەندان نەخۆشخانەش نۆژەنکراونەتەوە و پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی چەندانی دیکەش بەردەوامە".

سەرۆکی حکومەت باسی لەوەش کرد، "جێی شانازییە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە چارەکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە داوە و چەندین سەنتەریی نوێی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە کردووەتەوە و بڕیاری بۆ دامەزراندنی چەندانی دیکەشی دەکردووە. کارکردن لە بەشێک لەو سەنتەرانە بەردەوامە و هیوادارم لە کاتێکی زوودا تەواو ببن". 

وتیشی، "ئەو سەنتەرانەی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێنەوە ئامێر و کەلوپەلی پێشکەوتوویان تێدا دەبێت، ئەمەش وا دەکات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێویستییان بەوە نەبێت بۆ وەرگرتنی چارەی پزیشکیی، بچنە دەرەوەی وڵات، بەڵكوو هەر لێرە چارەی خۆیان وەربگرن؛ هاوکات یارمەتیدەریش بێت بۆ هاووڵاتییانی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی وەکوو شوێنێکی پێشکەوتوو سەردانی ئەم سەنتەرانەی هەرێمی کوردستان بکەن". 

سەرۆکی حکوومەت داوای لە هاووڵاتییان کرد کاتێک دەچنە دەرمانخانەکان بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی دیکە "ڕەچاوی ئەوە بکەن ستیکەریی دەرمان، بۆ دڵنیایی ئێوەیە و هەر جۆرە دەرمانێک ئەم ستیکەرانەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگە پێدراوە، پێوە نەبێت؛ تکاتان لێ دەکەم سوودی لێ نەبینن و نەیکڕن، چونکە لەوانەیە بەدەر لە ڕێنماییەکانی حکوومەت بە شێوەیەکی قاچاخ هاوردە کرابێت". 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP