هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, فەرمانی بە قەزاکردنی تەقتەقی ئیمزا کرد .
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 335، بڕیارماندا بە هێنانەکایەی قەزای تەقتەق لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەمان سنووری ئێستا ناحیەی تەقتەق".
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە واتا 14-10٠2024 جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 25ی9ی2024، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە گوتاری ڕێوڕەسمی زەنگلێدانی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، موژدەی بە قەزاکردنی ناحیەی تەقتەقى لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندبوو بە قەزاکردنی تەقتەق "یارمەتیدەرێکی زۆر دەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە و بارگرانی ئیداری لەسەر شاری کۆیە کەم دەبێت و تایبەتمەندییەکی زیاتریش بە تەقتەق دەدرێت".
قەزای تەقتەق سەر بە پارێزگای هەولێرە، کەوتووەتە لای ڕاستی زێی بچووک، 90 کیلۆمەتر لە ڕوژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و 60 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگایکەرکووکەوە دوورە.
سنووری قەزای تەقتەق بێجگە لە سەنتەری شار 22 گوند لەخۆدەگرێت، لەو گوندانەی دەکەونە رۆژھەڵاتی قەزای تەق تەق، بریتین لە گوندەکانی (چۆم حەیدەر، مخەرەس، باغەجنێر، گەرموکی ساتوقەڵا، مەلازیاد، ساتوقەڵا، تەکەلتوو). لە ڕۆژئاوای شارۆچکەکە گوندەکانی (گەرمک، کانی لەلە، ئۆمەرگومبەت و نەحیەی سێگردکان) ھەن. ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە 25 ھەزار کەس، ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتیارییە، دەوڵەمەندە بەکانزای نەوت. وە ھەروەھا بووەتە شوێنێکی گرنگ بەھۆی ھەبوونی کێڵگەی نەوتی تەقتەق .