هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەت، پرۆژەی بەنداوی بەستۆرەی کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەر شوێنێک گونجاو بێت بۆ پۆند و بەنداو دروستی دەکەین، داواشی لە خەڵک کرد ژینگە بپارێزن.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەنداوی بەستۆرەی کردەوە کە توانای لەخۆگرتنی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ گەشەکردنی بەرهەمی ماسی.
دوای کردنەوەی بەنداوەکە، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا، خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی پڕۆژەکە دەربڕی کە پێش ساڵێک بەردی بناغەکەی دانرا، هەروەها سوپاسی شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کاری کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لە لایەن ئەندازیاران و پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ، لە ماوەی ساڵێکدا .
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دروستکردنی ئەم بەنداوانە، بەشێکە لە ستراتیژیی حکوومەت بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو، سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە ئەم جۆرە بەنداوانە، کاریگەریی هەمەلایەنەیان لەسەر پێشخستنی ئابووریی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبێت، چ لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە، یان دابینکردنی وزە و سامانی ماسی و باشترکردنی دۆخی ئاوی ژێر زەوی و گۆڕانکاریی کەشوهەوا.
ئاماژەی بەوەشدا "لە نزیک شوێنی بەنداوی بەستۆڕە، لە سەردەمی سەنحاریبەوە بەنداوی لێ دروست کراوە و ئاو بۆ ناو شاری هەولێر بردراوە، بۆیە شوێنێکی گرنگی مێژووییشە و دەکرێ بۆ گەشتیاری سەردانی بکرێت."
سەرۆکی حکوومەت داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە هاوکاری حکوومەت بن لە پاراستنی ئەو پڕۆژانەی دروست دەکرێن و ژینگەش بپارێزن و دەستکاری نەکەن.