دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/10/2024

هۆشیار زێباری: کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەیان لەسەر هەڵبژاردن نابێت

هەرێم نیوز

 ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵنیایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە، هۆشیار زێباریی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی لە دهۆک، لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بانگەشە و ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ پرۆسەکە، ساز کرد. 

هۆشیار زێباریی دڵنیایی دا: "شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی و گرژی و ئاڵۆزییەکانی دیکەی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت، دەشمانەوێت حوکمڕانییەکی باش و لێهاتوو سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو ببێتەوە".

راشیگەیاند:  "داوامان لە کونسوڵخانە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە چاودێرییەکی وردی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بۆ ئـەوەی پرۆسەکە بە پاکی و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری بەڕێوە بچێت". 

ئاماژە بەوەشکرد "پارتی خۆی لە بێڕێزی و تەشهیرکردن بە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پاراستووە و ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە وەڵامی هەموو قسە، بێڕێزی و زماندرێژییەکیان بەرامبەر پارتی دەدەینەوە". 

هۆشیار زێباری داوای لەو دەنگدەرانەش کرد کە کارتەکانیان وەرنەگرتووە، سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP