دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/10/2024

کۆمیسیۆن: ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بووە

هەرێم نیوز

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕادەگەیەنێت، کاروبارە تەکنیکی و لۆجستییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان تەواوکراون و تا ئێستاش 41 سکاڵا تۆمارکراوە.

ئەیسەر یاسین وتەبێژی لیژنەی ناوەندی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و سەرجەم کارە ھونەری و لۆجستییەکان ئامادەن، لە ئێستاشدا %97 ی ئامادەکارییەکان تەواو بوون. 

ئاماژەی بەوەشدا، سکاڵاکان لەسەر بانگەشەی کاندیدەکان گەیشتووەتە 38سکاڵا، کە سێ لە دھۆک و14 لە ھەولێر و 21 لە سلێمانی بوون، ھەروەھا یەک کاندید سکاڵای کردووە و دوو تانەش لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.

وتیشی: بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی پارێزگەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەو پۆستەرانەی کاندیدەکان لادەبرێن کە سەرپێچی ڕێنماییەکانیان کردووە و دواتریش پێبژاردنیان بۆ دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو،  کە ڕۆژانی 15 و 16 و 17ی ئەم مانگە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی پێداویستی و ئامێرەکانی دەنگدان بەسەر بنکەکانی هەڵبژاردندا و تۆمارکرانی ناوی بریکاری پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵی مەدەنی و سەندیکا و تۆڕەکانی چاودێری بە مەبەستی دروستکردنی باج بۆیان بەردەوامە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 18ی مانگ دەنگدانی تایبەت و 20ی مانگیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP