هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە ( 336)ـی دەرکرد کە لێبووردنێکی تایبەتە بۆ 17 لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەپێی ئەو فەرمانە، 17 حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبووردنە تایبەتییەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەیانگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو فەرمانە دەرئەنجامی راسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان.
ئاشکراشیکرد، لیژنەکە لە ماوەی رابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە (335)ـی تایبەت بە هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق)ـی دەرکرد.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، پاش ئەوەی هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق) لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیاز کرا و رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ هێنانەئارای قەزاکە دەرکرد.