هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی پێشکەشکردنی 540 یەکەی نیشتەجێبوون بە خانەوادەی شەهیدان رایگەیاند، خزمەتکردنی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەرکە و شانازییە بۆ ئێمە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-10-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی (پلاتفۆڕمی هیوا و گرنژین)ـی بەڕێوە برد؛ هاوکات 540 یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەشی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان کران.
سەرۆکی حکومەت لە میانی وتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لەسەر ڕاسپاردە، فەرمان و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بووە و جەنابیان هەمیشە خۆی بە قەرزاری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەزانێت و ئەمە وا دەکات هەموو خەڵکی کوردستان هەر هەموومان، خۆمان بە قەرزاری ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بزانین؛ خزمەتکردنی ئێوە، ئەرکە و شانازییە بۆ ئێمە".
سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد: "هەوڵمان داوە ئەوەی پێمان بکرێت بۆ ئاسانکردنی گوزەری ژیانی هاووڵاتییان بە تایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بیکەین؛ وەک دابینکردنی ئاسانکاریی و پێدوایستی تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی یانیش دابینکردنی هەلی خوێندن بۆ منداڵانی سەربەرزی شەهیدان".