هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆمەڵگەی پەروەردەی بارزانی نەمری لە هەولێر کردەوە، کە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕووبەری 12 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، هاوکات ئەو قوتابخانەیە نزیکەی هەزار قوتابی لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی پێشوەختە وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمری لە هەولێر كردەوە.
كۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر، كۆمەڵگەیەكی حكوومییە، خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە و ئەمڕۆ خرایە خزمەت قوتابییانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی.
کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر پێکدێت لە باخچەی منداڵان، قوتابخانەی بنەڕەتی، قوتابخانەی دواناوەندی کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
پێکهاتەی باڵەخانەی کۆمەڵگە 60 هۆڵی خوێندن و 25 ژووری ستافی کارگێڕیی و مامۆستایانی تێدایە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروست کراون و 1660 قوتابخانە نۆژەن کراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی دیکە لە کەرتی حکوومەتیدا بکرێتەوە.