هەرێم نیوز
سیداد بارزانی، برای مهسعود بارزانی سهرۆكی پارتی رایدەگەیەنێت، بە ڕێگایەکدا چون بۆ دەڤەری ڕاپەڕین "ساڵانی نەوەدەکان ڕێگەکە باشتر بوو"، دهشڵێت، "لە کابینەی نوێی حکومەتتدا کۆششی زیاتر دەکەین، بۆ ئەوەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین".
سیداد بارزانی سڵاوی تایبەتی سەرۆکی پارتی گەیاندە خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین و ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی ناوچەکە کرد لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، گوتی: "خەڵکی ئەم دەڤەرە قوربانیی گەورەیان داوە، دووچاری کیماییباران و ڕاگواستن بوونەتەوە، جێی پەنجەیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا دیارە".
سیداد بارزانی ئهمڕۆ یهكشهممه لهمیانی وتارێكدا له ههڵمهتی بانگهشهی حزبهكهی له دهڤهری راپهڕین، رایگهیاند، "دەڤەری پشدەر و بتوێن لانکەی شۆڕش و خەبات بون، بەڵام وەک پێویست لەڕوی ئاوەدانی و گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان بایەخی پێ نەدراوە، وەڵامی قوربانی و مەزڵومییەتی ئەو دەڤەرە نەدراوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، "دەزانین بەهۆی پارتیبوونتان دووچاری فشار و مەحروومیەت بوون، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ تەحەمولی ئەوان هەیە، وەک چۆن لە شۆڕش و بەرگریی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان هەبووە، بۆ هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەکەمیش بە دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی، داستانی سەرکەوتنێکی دیکەی مێژوویی بۆ پارتی لەو دەڤەرە تۆمار دەکەن". ئاماژەی بەوە کرد: "لە هەموو هەڵبژاردنەکانی 30 ساڵی ڕابردوودا پارتی حزبی یەکەم و براوەی یەکەم بووە و بە پشتیوانی خوای گەورە و هیمەتی ئێوە، پارتی هەر یەکەم دەبێت و دەیبەینەوە، بردنەوەی پارتی بەمانای مانەوەی کوردستان و بەهێزترکردنێتی، پارتی حزبی ئارامی و ئاوەدانی و ئاشتی و بونیاتنانە، نەوەک ڕووخاندن و تێکدان".
نوێنەری سەرۆک بارزانی گوتی: "دڵنیابن لە کابینەی نوێی حکوومەتتدا کۆششی زیاتر دەکەین، بۆ ئەوەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدانەوە بایەخی زیاتری پێ بدرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە دەبێت دەستی سەقامگیریی و ئارامی و ئاوەدانیی حکوومەتی هەرێم بگەیەندرێتە دەڤەری ڕاپەڕین، بۆ ئەوەی کوردستان سەربەرز و بەهێز بێت، هاوکات دەڤەری ڕاپەڕین ئارام و ئاوەدان بێت، داواتان لێ دەکەم خۆتان و خانەوادەکەتان و کەسوکارتان، بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی پارتی، یەک دەنگیش بەهای خۆی هەیە و نابێت یەک دەنگی پارتی بەفیڕۆ بدرێت".
سیداد بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: "خەڵکێکی زۆر لە دەڤەری ڕاپەڕین متمانەیان بە پارتی کردووە لە خزمەتکردن، بە پێویستی زانی کە پێشوازیی لەو دەنگدەرانە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکەوە خزمەت و ئاوەدانی و ئارامی بگەیەننە ناوچەکە".
ئاماژەی بەوە کرد: "20ـی ئۆکتۆبەری 2017 بە هاوکاریی چەند لایەنێک هێرش کرایە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام تێک شکان. لە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش سەرکەوتنێکی دیکەی گەورە بۆ ڕێبازیی پارتی و بارزانی تۆماردەکەین بە دەنگەکانمان".
لهبارهی سهردانیكردنی بۆ دهڤهری راپهڕین، سیداد بارزانی وتی، "کە هاتینە دەڤەرەکە، بە ڕێگایەکی زۆر خراپدا هاتین، ساڵانی نەوەتەکان باشتر بو، با خەڵکی ناوچەکە ئەو ڕێگایە ببینن و بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی کێ شایەنی حوکمڕانییە".
وتیشی: "بە نیاز بوون کارخانەیەکی قەند و شەکر لە ڕانیە دابنێن و ئێستە ئەو قەند و شەکرە بخۆین، کەچی تەنها قسە بوو، نە قەند و نە شەکر دروست نەکرا تا بیخۆین".