هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نابێت بانگەشە هیچ بیرۆکەیەکی توندوتیژی لەخۆ بگرێت، وەک ڕق و کینە، یان سووکایەتیی یان زیانگەیاندن بە کاندیدەکانی دیکە و حزبە ڕکەبەرەکان.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "کۆمیسیۆن هیواخوازە کە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، تا ڕۆژی دەنگدان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆتایی، هیچ بیرۆکەیەکی توندوتیژی لەخۆ نەگرێت، وەک ڕق و کینە، یان سووکایەتیی یان زیانگەیاندن بە کاندیدەکانی دیکە و حزبە ڕکەبەرەکان".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ڕێگە یاساییەکان بگیرێنەبەر لە پێشکەشکردنی سکاڵا و تانەدان و دوورکەوتنەوە لە کار و کاردانەوەی نێوان ڕکەبەرەکان. هەروەها، بەپێی ئەو پەیڕەو و میکانیزمانەی کۆمیسیۆن دایناون و بەوپەڕی بێلایەنی و سەربەخۆییەوە سەیری ئەو سكاڵا و تانانە دەکرێن کە پێشکەش کراون".
دەشڵێت، "کۆمیسیۆن، داواخوازە لە هاوبەشانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەنگدەران، هاوپەیمانییەکان، حزبە سیاسییەکان، پاڵێواراوان، چاودێران، ڕاگەیاندکاران، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری هەڵبژاردنەکانەوە هەیە، پشتگیریی کارەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداربن لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆن کە ئامانج لێیان بریتییە لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و بێگەرد کە جێگەی متمانەی هەمووان بێت".
کۆمسیۆن باسی لەوەش کردووە، "بە شێوەیەکی پیشەیی و بێلایەن کار دەکات و بەیەک چاو دەڕوانێتە هەمووان، ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەریی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانە".
ئەوەشی خستەڕوو، "بەو هیوایەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانە هەنگاوێکی ڕاست بێت بەرەو ئایندەیەکی سەلامەت و خۆشگوزەران بۆ گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق".