دواین هەواڵ

کوردستان‌

 09/10/2024

مەسرور بارزانی پڕۆژەی دووسایدی ڕێگای سپیلک-خەلیفانی کردەوە

هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، پرۆژەی دووسایدى ڕێگەی سپیلک - خەلیفان و دەروازەى خەليفان-ی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی کردنەوەی پرۆژەی دووسایدى ڕێگەی سپیلک - خەلیفان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژە گرنگە، هاوکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دەکات و دەبێتە هۆی بەستنەوەی ناوچە جیاوازەکان بەیەکەوە و ئاسانکاریش بۆ خەڵک دەکات، کە بتوانن لە ڕووی سەلامەتی و کەمکردنەوەی کاتیشەوە سوودی لێ وەربگرن.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئەمە بەشێکە لەو هەڵمەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەم ماوەیەدا لە هەموو کوردستان، هەوڵیداوە ڕێگە و شەقام دروست بکات و ئاست و کواڵێتیان باشتر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم کە لە کاتێکی زۆر خێرادا و بە شێوازێکی پێشکەوتوو، توانیان پڕۆژەکە ئەنجام بدەن. هەروەها سوپاسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیریش دەکەین کە بە پەرۆشەوەن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەموو ڕێگاکان لە سەر ئاستی کوردستان بە شێوازێکی زۆر پێشکەوتوو و کواڵیتیەکی بەرز دروست بکەین.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو پاڕێزگا و شار و گوندەکان بەیەکەوە ببەستینەوە، تا هاووڵاتيیان چیتر کێشەی هاتووچۆ و سەلامەتيی ڕێگەوبانیان نەمێنێت و ئەو شوێنانەی کە تاکوو ئێستاش، جادە و شەقامەکانیان دروست نەکراون، لە بەرنامەدان جێبەجێ بکرێن.

ڕێگای سپیلک و خەلیفان یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی ئیدارەی سۆران و ڕێگای سەرەکیی دەروازەی حاجی ئۆمەران.

فەرمانگەی میدیاو زانیاریش رایگەیاند: درێژیی ڕێگاکە 8.5 کیلۆمەترە، لە پێچەکانی ڕێگای سپیلکەوە دەستپێدەکات، تاوەکو دەگاتە دەروازەی شارەدێی خەلیفان، ڕێگاکە بەشێکە لە ڕێگای هاملتۆن، بە گوژمەی 65 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP