هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی گەورەترین کارگەی وایەر و کێبڵی سفری کردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم کە ئەم جۆرە کارگانە دروست دەکەن، کە هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی کەرتی تایبەت و گشتی.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆمپانیای سفر و کێبلی هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، ڕایگەیاند: ئەم کارگەیە بەشێکە لە پرۆژەی دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان، ئێستا بەرهەمە ناوخۆییەکان لە ئاست و کوالێتییەکی بەرزدان.
ئەم کۆمپانیایە هەلی کاری بۆ 250 بۆ 300 کەس ڕەخساندووە، ئەگەر ماوەی کارکردنی بگۆڕێت بۆ دوو شیفت، ئەوا ژمارەی کارمەندانی بۆ 600 کەس بەرز دەبێتەوە.
وتیشی: زۆر خۆشحاڵم لە کردنەوەی ئەم کارگانە کە لە ڕێگەی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێرەوە دروستکراون، هەروەها جێگەی شانازییە کە دەبینین کەرتی پیشەسازی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشتر دەچێت.
هەروا ئاماژەیدا، ئەوەی ئەمڕۆ بینیم کۆمەڵێک کارگەن کە هەموویان تەواوکاری یەکترن بۆ ئەوەی ئەو کێبڵ و وایەرانەی پێویستن دروست بکات و بخرێنە بازار بۆ سوود وەرگرتن.
هەر لە گوتارەکەیدا وتی: لە سەردانیکردنم بۆ کارگەکان پرسیاری ئەوەم کرد کە بە چ جۆرێک ئەو کێبڵانە دروست دەکرێن و ماددە سەرەتاییەکانیان لە کوێوە دێن، دیارە زۆربەی ماددە سەرەتاییەکان لەو سیکرابانە کۆ دەکرێنەوە، کە پێشتر هەناردەی دەرەوە دەکران، بەڵام ئیستا لەم کارگەیە سوودیان لێوەردەگێرێت و وەک کێبڵێکی ئاست بەرز دەخرێتەوە بازاڕ و بە ستانداردە جیهانییەکان ئامادە دەکرێن.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: هیوادارم ڕۆژێک کوردستان وای لێبێت لە سەرچاوە سروشتییەکان و کانزاکانی بەردەست ماددە سەرەتاییەکان بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە بەکار بهێنێت.
راشیگەیاند: ئێمە هیچمان لە خەڵکی دیکە کەمتر نییە، خوا سروشتێکی بە پیت و بە خێری پێداوین، لە خواش بە زیاد بێت خەڵکێکی زۆر بە تواناشمان هەیە، هەوڵمانداوە ئاستی زانستی لە کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین، ئەوەی ماوەتەوە ڕێکخستنەوەی هەموو ئەو توانایانەیە بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانین کارێکی وەها بکەین کوردستان لە هەموو ڕووێکەوە پێش بکەوێت.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێر کرد و گوتی: هیوادارام هەر سەرکەوتوو بن، ئێوەش هەر تەندروست شاد بن، کوردستانیشمان ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاوەدانتر بێت.
پڕۆژەکە لە شەش کارگە پێکهاتووە کە بریتین لە:-
• کارگەی تواندنەوەی سیکرابی سفر.
• کارگەی لە قاڵبدانی سفری تواوە.
• کارگەی باریککردنەوەی قالبی سفر.
• کارگەی دروستکردنی پی ڤی سی PVC.
• کارگەی دروستکردنی کێبل.
• کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین.
وێستگەی کارەبای تایبەت بە خۆی هەیە کە توانای
بەرهەمهێنانی کارەبا بریتییە لە 11.4 مێگابایت.