هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ھێرشەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل کۆتاییھاتووە، ئەگەر ئەو وڵاتە کاردانەوەی نەبێت.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێران بەرگری لەخۆیکردووە و ھێرشەکەیان کۆتاییھاتووە، ئەگەر ئیسرائیل کاردانەوەی نەبێت، بەڵام ئەگەر کاردانەوەی ھەبێت وەڵامی توندیان دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، ھاوپەیمانانی ئیسرائیل ئێستا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاژاوەگێڕانی تەلئەبیب.
وتیشی، بۆ ئەوەی ئاگربەستی غەززە بکرێت، ماوەی دوو مانگە دانیان بەخۆیاندا گرتووە و ھێرشیان نەکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد، ئەوان پێش هێرشەكە ئەمریکایان ئاگادار نەکردەوە و وڵاتەکەی هۆشداری داوەتە ئەمریکا لە دەستێوەردانەکانی دوای هێرشە موشەکییەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل.
لەلایەكی دیكەوە وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا بریتانی، فڕەنسی و ئەڵمانیەكانی پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و بەگوێرەی میدیاكانی ئێران عێراقچی وتویەتی، "ئێران تەنها مافی بەرگری شەرعی خۆی بە پشت بەستن بە مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەکارهێنا و بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی کردوەتە ئامانج لە قەوارەی زایۆنیستی".