دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

جومانە غەلای: دەنگدەرانی تایبەت کارتی بایۆمەترییان کۆدکراوە و ناتوانن لە دەنگدانی گشتی بەشداربن

هەرێم نیوز 

وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەنگدەرانی تایبەت کارتی بایۆمەترییان کۆدکراوە و ناتوانن لە دەنگدانی گشتی بەشداربن، دەشڵێت، لە دەنگانی تایبەتیشدا لەهەر وێستگەیەکدا ٣٠٠ کەس دەتوانێت دەنگبدات.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوای دەنگدانی تایبەت ڕاستەوخۆ دەنگدەران کارتەکەیان لێوەردەگیرێتەوە، کۆمیسیۆنیش دەنگدەرانی تایبەتی بەپێی وێستگەکان بە ژمارە و ناو دابەشکردوون، بۆ ئەوەی دەنگدانەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت.

وتەبێژی کۆمیسیۆن ئاشکراشیکردووە، ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتیی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە دەنگدانی تایبەتدا بە ئەلیکترۆنی دەنگەکان جیادەکرێتەوە و دواتر ڕاستەوخۆ لەهەر وێستگەیەکیشدا دەنگەکان بە دەستیش دەژمێردرێن، دەشڵێت، هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە ، ٢٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ٤٨ کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی واتە ١٨ی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت کە تایبەتە بە هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP