هەرێم نیوز
هێمن هەورامی رایگەیاند، لیستی ١٩٠ ی پارتیمان سەرکەوتنی گەورە لە ٢٠ ی ئۆکتۆبەر بەدەست دەھێنێت، لەبارەی قەسەکانی بافڵ تاڵەبانیەوە وتی، بۆ جێبەجێکردنی دروشمەکانی سەرانی ئێستای یەکێتی، پێویستە سەرکردایەتی ئێستای ینک واز لە پۆستەکانیان بێنن و دەستلەکار بکێشنەوە.
هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "بە پشتیوانی خوای گەورە و ھیمەتی دڵسۆزانی رێبازی بارزانی و جەماوەرە بە وەفا و ئیرادەبەھێزەکەی پارتی، لیستی ١٩٠ ی پارتیمان سەرکەوتنی گەورە لە ٢٠ ی ئۆکتۆبەر بەدەست دەھێنێت و بە کوێرایی چاوی نەیار و ناحەزان، کاک مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و درێژە بەو چاکسازی و خزمەتگوزاریی و حوکمرانی ھاولاتی تەوەر دەدات".
وتیشی، "ئەو ھاشوھوش و دروشمدانە بێ بناغەیانەی گوایە کۆتایی پێ دێنن و خۆگیڤدانانەی سەرانی یەکێتی ئێستا دەیکەن جگە لە شپرزەیی و پەشێوی و مسۆگەری شکست و کەوتنیان لەبەردەم قەلافەتی بەرزی پارتی و کاک مەسرور ھیچ ئەنجامێکی دیکەیان نابێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ جێ بە جی کردنی دروشمەکانی سەرانی ئێستای یەکێتی، پێویستە سەرکردایەتی ئێستای ینک واز لە پۆستەکانیان بێنن و دەستلەکار بکێشنەوە بەمەش هەمو ئەو ئامانجانە دێنە دی کە لە دروشمەکانیاندا باسی دەکەن ، چونکە هەمو ئەو خەسلەتانە لە خویاندایە و ھەموو خەلکی کوردستان دەزانن کە ئەمانە چۆن بە کودەتا خویان سەپاندوە".
هێمن هەورامی باسی لەوەش کردووە،" ھاشوھوشەکەرەکان لە گەندەلترین کەسەکانی کوردستانن و ھەموو داتا و راپۆرتەکانی خالە سنورییەکانی ژێر دەسەلاتیان و ، تاکرەوی وملھوری و سەرانە سەندنەکانیان بە تەواوی ژیانی خەلکی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی تاڵ کردوە. جیاکاری دەکەن و بە تەمای پارچەکردنی کوردستانن، کە واتە بو ئەوەی دروشمەکانی سەرانی ئێستای یەکێتی بە راستی بێنە دی، با خویان واز بێنن پێش ئەوەی خەلک شاربەردەریان بکەن".