دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

هێمن هەورامی: جیاوازیی نێوان پارتی و لایەنەکان ئەوەیە، پارتی هەمیشە کرداری لە قسەی زیاتر بووە

هەرێم نیوز

هێمن هەورامی رایگەیاند، خەڵکی کوردستان بە گوتاری پۆپۆلیستی هەڵناخەڵەتێت، دەشڵێت، پارتی وەکو لایەنەکانی دیکە شەڕ بە خەڵکی کوردستان ناکات بەڵکو شەڕ لە پێناو خەڵکی کوردستان دەکات.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی، داهێنەری پرۆسەی دیموکراتی و هەڵبژاردنە لە کوردستاندا، پارتی دوو ئەرکی سەرەکی لەسەر شانە، یەکەمیان: ئەرکی نەتەوەسازی، دووەمیان: ئەرکی دامەزراوەسازی..

ئاماژەی بەوەش کردووە، پارتی وەک هەندێک لایەنی دیکە بەڵێنێک نادات کە نەتوانێت جێبەجێی بکات.

وتیشی، خەڵکی کوردستان دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە ئایا متمانە بە پارتی دەکەن یان متمانە بەو هێزانە دەکەن کە تەنیا قسەی گەورە گەورە دەکەن.

هێمن هەورامی دەشڵێت، جیاوازیی نێوان پارتی و لایەنەکان ئەوەیە، پارتی هەمیشە کرداری لە قسەی زیاتر بووە.

وتیشی، پارتی وەکو لایەنەکانی دیکە شەڕ بە خەڵکی کوردستان ناکات، بەڵکو شەڕ لە پێناو خەڵکی کوردستان دەکات.

جەختیشیکردەوە، پارتی دەیەوێت دامەزراوەسازی بکات بۆ ئەوەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بباتە قۆناغێکی دیکە کە هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە ململانێی لاوەکی دەکەن. 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆتایدا دەڵێت، خەڵکی کوردستان بە گوتاری پۆپۆلیستی هەڵناخەڵەتێت، خەڵک ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی دەوێت کە ئەم بنەمایانەی خزمەتکردن تەنیا لە پارتیدا هەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP