دواین هەواڵ

کوردستان‌

 25/09/2024

بارزانی: ئەوانەی زمانیان درێژە، دەستیان كورتە

هەرێم نیوز 

بارزانی ڕایگەیاند، خۆمان بۆ 20ی ئۆكتۆبەر ئامادە دەكەین و سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنین"، وتیشی، “ئەوانەی زمانیان درێژە، دەستیان كورتە”.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێرەوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی كوردستان كرد و بارزانیش بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرەكەی (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) لە وتاری دەستپێکی بانگەشەدا ڕایگەیاند، پارتی یەك حیزب و یەك بڕیارە و باڵباڵێنی تێدا نییە و ئەوانەی خەونیان بە ناكۆكی ناوخۆی پارتییەوە دەبینی، خەونەكانیان بڕدە ناوگۆڕ.

ڕاشیگەیاند، داوا دەکەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەر خۆبن و دوور بن لە تووندتیژی و زمانی زبر و بە هیمەتی پارتییەکان بۆ ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین.

ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی باوەڕی ئە ئاشتی و پێكەوەژیان هەیە و قوربانی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی و وتیشی، “وریابن ڕاتان نەكێشن بۆ شەڕی لابەلا و وەڵامنەدانەوەی هەندێك قسە خۆی وەڵامدانەوەیە”.

داواشی لە كاندیدەكان كرد، “بەڵێنی وانەدەن، كە خۆتان و پارتی توانای جێبەجێ‌ كردنی نەبێت”.

جەختیشی كردەوە، “بەڵێن دەدەین لەدوای هەڵبژاردن لە خۆمانەوە دەست بە چاكسازی بكەین و وتیشی، “ئەوانەی زمانیان درێژە، دەستیان كورتە”.

راشیگەیاند، "خۆمان بۆ 20ی ئۆكتۆبەر ئامادە دەكەین و سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنین". 

وتیشی، "زۆرجار وەڵامنەدانەوەی خەڵكێكی بێ مەسئولیەت وەڵامدانەوەیە، وەڵامنەدانەوە خۆی وەڵامدانەوەیە. ئەگەر پێویستیش بە وەڵامدانەوە بكرێت، دەبێ مەدرووس بێ و پرس بە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن بكرێ، ئەوەشتان لەبیر نەچێ، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی كورتە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ئەمڕۆ چوار شەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP