هەرێم نیوز
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، نابێت قورئان و پیرۆزییە ئاینییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێن، دەشڵێت، هەموو لایەك لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بەها مرۆیی و نیشتمانییەکانەوە بگرن
ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە لە راگەیەنراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، هەموو لایەك لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بەها مرۆیی و نیشتمانییەکانەوە بگرن و لە کەش و هەوایەکی ئارام و دوور لە زمانی زبر و تەخوینکردن و سووکایەتیکردن پرۆسەکە بەڕێوەبەرن. "گیانی برایەتی و تەبایی بپارێزن، چونکە هەر هەنگاوێکی نەشیاو رەنگدانەوەی بەسەر پەروەردەی تاکەکانەوە دەبێت و سیمای شارستانیی گەلەکەشمان لەکەدار دەکات".
یەکێتیی زانایان، هۆشداری دەدات لەوەی کە "نابێت مزگەوت، قورئان و موقەدەساتی ئایینی کە موڵکی هەموو موسڵمانانی کوردستانن بکرێنە بەشێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێویستە پیرۆزییان رابگیرێت، ئەگەرنا زەرەرمەندی یەکەم پێگەی ئایین و پیرۆزییەکانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک پابەند بن بە رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام بەڕێوەبچێت".