دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمیسیۆن: ئامێری ئەلیکترۆنی گەرەنتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و خاوێن دەکات

هەرێم نیوز

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دەنگی ئەمریکا: کۆمیسیۆن رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی پاک و دوور لە دەستێوەردان.

ئاماژەی بەوەشداوە، پرۆسەی ژماردنی دەنگی دەنگدەران بە شێوەی دەستی و ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت، گەر جیاوازی ژماردنەکە 5% بوو ئەوا پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێ.

ئەگەر جیاوازی نێوان ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی زیاتر لە 5% بوو، ئەوا بنکەکە بە تەواوی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی و دووبارە دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.

وتیشی: کامێرای چاودێری لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێت و مافی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە شێوەی نهێنی پارێزراو دەبێت، لە ڕێگەی کامێراکانەوە چاودێری پرۆسەکە دەکرێت و دەبێت دەنگدەر ئازادانە دەنگ بدات.

وتەبێژی کۆمیسیۆن راشیگەیاند: کارتی بایۆمەتری گەرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەی پاک و خاوێن دەکات، چونکە کارتەکە ساختە ناکرێ و پەنجە مۆرو وێنەی دەم و چاوی دەنگدەری پێوەیە، کەس ناتوانێت لە جێگەی کەسی تر دەنگ بدات.

دەشڵێت: ئامێری ئەلیکترۆنی گەرەنتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و خاوێن دەکات، چونکە پێشتر تاقیکراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەرگای بۆ چاودێرانی ناوخۆی و نێو دەوڵەتی کردووەتەوە تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP