هەرێم نیوز
دوو سایدی گەزنە کە ڕێگای هەولێر بە ڕێگای دهۆک و زاخۆ دەبەستێتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرایەوە، ڕێگاکە کارئاسانی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و جووڵەی بازرگانی دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی حکوومەت دوای کردنەوەی پڕۆژەکە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی کوردستاندایە و شەقامی 120 مەتری بە ڕێگەی سەرەکيی هەولێر - دهۆک دەبەستێتەوە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاونیشتمانیان دەکات.
مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) کرد کە بە شێوەیەکی زۆر ستاندارد و لە ماوەیەکی پێوانەییدا ئەم پڕۆژانە ئەنجام دەدەن، گوتیشی: "هیوادارم بتوانین ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو پێشتر ببەین و پڕۆژەی باشتر بخەینە خزمەتی هاووڵاتییان."
دوو سایدی گەزنە، شەقامی خێرای 120 مەتریی هەولێر تا دهۆک و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، گوژمەی پڕۆژەکە پێنج ملیار و 250 ملیۆن دینار بوو لەسەر بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
درێژی ڕێگاکە سێ کیلۆمەترە و پانییەکەی 30 مەترە، لە شەقامێکی یەک سایدەوە بۆ دوو سایدی پێشکەوتووە بەگوێرەی ستانداردی جیهانی گۆڕاوە.